دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک دەڵێت، ماستەرپلان بۆ سێ پڕۆژەی ستراتیژی ئامادەکراوە و گوتیشی، چەندین پڕۆژەی وەبەرھێنان لە بواری گەشتیاری لە چیای زاوا جێبەجێ دەکرێن.
د. ھەڤاڵ ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کەرتی وەبەرھێنان لە سنووری پارێزگای دھۆک، لە چوارچێوەی سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا لە گەشەسەندنی بەرچاودایە، چەندین پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بچنە بواری جێبەجێکردن، ئەمانە ھەموویان کاریگەرییان دەبێت لەسەر کەرتی ئابووری و وەبەرھێنان لە دھۆک".
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک ھەروەھا گوتی: "ماستەرپلان بۆ سێ پڕۆژەی ستراتیژی ئامادەکراوە و لە قۆناغی کۆتاییدایە، ئەوانیش: ماستەرپلانی چیای زاوا کە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی وەبەرھێنانە و چەندین پڕۆژەی لەخۆ دەگرێت لە بواری گەشتوگوزاردا واتە چیای زاوا دەکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و ھەموو خزمەتگوزارییەکی تێدا بەردەست دەبێت".
د. ھەڤاڵ ئاکرەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ماستەرپلانی گەلی دھۆکیش دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و ئەوەش دەبێتە ھۆی بووژانەوەی گەلی دھۆک و چەندین پڕۆژەی تێدا ئەنجام دەدرێن. ھەروەھا کاری تێدا دەکرێت لە ناوچەی پیشەسازیی سێمێل، کە دوای تەواوبوونی، کاریگەریی گەورەی لەسەر کەرتی پیشەسازی و پیشەسازیی خۆراک دەبێت".
قائید میرۆ