هەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی دیدگای کابینەی نۆیەم بۆ گەشەدان بە ژێرخانی ڕێگەوبان، پڕۆژەی ڕێگەی (کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل) بە گوژمەی ٩٥ ملیار دینار کاری لەسەر دەکرێت. سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە تایبەت بە ماڵپەڕی KDP.info مژدەی کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکەی ڕاگەیاند و گوتی، "٥٥٪ـی کارەکانی تەواو بووە و چەند مانگی تر دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییان".
ڕێگای (کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل) پڕۆژەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەپێناو بەهێزکردنی کەرتی ڕێگەوبان و سەلامەتی شۆفێران. هەڵگورد وەلی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە لەوبارەیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "بە پێی گرێبەست کاتی تەواو بوونی پرۆژەکە مانگی ١ـی ساڵی ٢٠٢٧ـە، بەڵام بە دڵنیاییەوە پێش ئەم وادەیە تەواو دەبێت و لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو تەواو دەکرێت. ناوبراو دەشڵێت، "سایدێکی تەواوی پڕۆژەکە، واتە ٥٥٪ـی ڕێگەکە بە کۆتا هاتووە و تیمەکان ئێستا بە دوو شەفت کار لەسەر بڕین، کۆنکریت و قیڕتاوکردنی پڕۆژەکە دەکەن. پڕۆژەکە، دروستکردنی ڕێگەی خێرای دوو سایدە بە درێژی ١٠ کیلۆمەتر، لەگەڵ دروستکردنی تونێلەکانی میراوە و ماوەران. زیاتر لەوەش، پڕۆژەکە سێ ئۆفەرپاس و ئەندەرپاسی تێدایە کە تەواوی مەرجە ئەندازییەکان پێکدێنێت. پڕۆژەکە بە هێزی کاری خۆماڵی جێبەجێ کراوە و لە ئێستادا هەلی کاری بۆ سەرووی ٢٥٠ کەس ڕەخساندووە."

هەڵگورد وەلی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە لە کۆتایی لێدوانەکەی بۆ ماڵپەڕی KDP.info تیشکی خستەسەر ڕەهەندە گرنگەکانی پڕۆژەکە و گوتی، "رێگەیەکی نێودەوڵەتییە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە. لە ناوخۆش رێگەی نێوان هەولێر و ئیدارەی سۆران ١٥ بۆ ٢٠ خولەک کەم دەکاتەوە، هاوکات جەنجاڵی ناو شارۆچکەی شەقڵاوەش ناهێڵێت".

ئەژین غەفار