میسر-KDP.info- وەزیری ئەوقافی میسر لە قاهیرە پێشوازی لە شاندی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەکات و ستایشی ئەو پێشکەوتن، سەقامگیری و پێکەوەژیانە ئایینییە دەکات کە لە هەرێمدا هەیە.
دوێنێ ٢٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ئوسامە ئەزهەری، وەزیری ئەوقافی میسر، لە قاهیرەی پایتەخت، پێشوازیی لە شاندی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی هەماهەنگیی هاوبەش و بەهێزکردنی پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان هەردوولا تاوتوێ کران و پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقافی هەرێمی کوردستان، ئامادەییی وەزارەتەکەی بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموون و تواناکانی وەزارەتی ئەوقافی میسر لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری بواری ئایینی، پێکەوەژیان، ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی و مەشق و ڕاهێنان نیشان دا.
لای خۆیەوە، وەزیری ئەوقافی میسر دڵخۆشیی خۆی بەو سەردان، سەقامگیری و پێکەوەژیانە دەربڕی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و پێشکەوتنەکانی کوردستانیشی بەرز نرخاند.
هاوكات هەردوولا بڕیاریان دا لە ئاییندەیەکی نزیکدا، تەواوی بڕیارەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بخەنە واری جێبەجێکردنەوە و لیژنەیەکی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە پێکبهێنن.
