Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 25 JUN 2026 21:13 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر دوو تەوەری گرنگ دران
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی،جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، پوختەی کۆنووسی ھاوبەشی نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵ و گومرگی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا خرایە ڕوو، کە لە ڕۆژی ٢٠٢٦/٦/١٨ لە بەغدا واژۆ کرا.

لەمبارەیەوە لیژنەی تەکنیکیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وردەکاریی کۆنووسی کۆبوونەوەی ھاوبەش و لەیەکترگەیشتنی سەرەتایی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و ھەرێم بۆ ئەنجومەن خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران، بە بایەخەوە لە لەیەکتێگەیشتنی ھاوبەشی نێوان ھەردوو لا دەڕوانێت کە ئامانجی یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان لە سەرتاسەری عێراق و بەئەلکترۆنیکردنی ڕێکارە گومرگییەکان و پەرەپێدانی ڕوونی و شەفافیەتە لە داھاتی سنوورە گومرگییەکان، کە لە کۆتاییدا دەبێتە ھۆی زیادکردنی داھاتی گشتی و کەمکردنەوەی ڕووتین و برەودان بە جوڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان، بۆیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە پشتیوانیی ئەم ھەنگاوانە بووە و برەوی پێداوە.

ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای پشتیوانی لە کۆنووسی کۆبوونەوەی ھاوبەشی ھەردوو دەستەی گومرگی فیدڕاڵ و ھەرێم، لە ھەمان کاتدا وەزارەتەکانی ( دارایی و ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی، ناوخۆ، پلاندانان، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، تەندروستی ) و دەستەی وەبەرھێنان و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری ڕاسپارد بۆ ھاوئاھەنگیکردن لەگەڵ ھاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ بۆ ئامادەسازیی پەسەندکردنی کۆتایی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری کە بڕیارە حەفتەی داھاتوو ، شاندێکی باڵای ھەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدا بکات.

ھەر لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکات لە نزیکترین دەرفەتدا، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری ساز بکرێت بە مەبەستی پەسەندکردنی کۆتایی و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان کە ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت لە زیادکردنی داھاتی گشتی و بەکارھێنانەوەی لە خزمەتی گشتی ھاووڵاتییان و ھەروەھا ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی دەستووری و قانونی نێوان دامەزراوە فیدڕاڵییەکان و ھەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا .

لە بڕگەی دووەمدا ، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی بابەتی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران کرد.

سەرەتا وەزیری کار وکاروباری کۆمەڵایەتی ڕاپۆرتێکی پوختی خستەڕوو سەبارەت بە چاکسازییەکانی بواری خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران، بە تایبەتی بە دیجیتاڵکردنی ڕێکارەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و چالاککردنی سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و گلدانەوەی لێبڕینی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران و بەشداریی داراییی خاوەنکار لەم سندوقە و چالاکردنی نووسینگەکانی بەکارخستن و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان، سەرەڕای سازدانی خولەکانی ڕاھێنان و فێرکردنی پیشەکان، کە ئەم ڕێکارانەش وای کردووە کە ژمارەی ئەو پڕۆژانەی دەستبەر کراون، بگاتە نزیکەی ٦٤ ھەزار پڕۆژە، و سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو بە شێوازێکی بەرچاو، کە ئێستا ژمارەیان گەیشتووەتە نزیکەی ٣٢٠ ھەزار کرێکار، ئەوەی ئەم ڕێکارانە بووەتە ھۆی ھاندانی گەنجان بۆ پڕکردنەوەی دەرفەتەکانی کارکردن لە کەرتی تایبەت و دابینکردنی مافی خانەنشینی و وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت بۆیان دوای گەیشتنیان بە تەمەنی خانەنشینی بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان، لە دوا بڕگەی ڕاپۆرتەکەیدا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پێشنیاری دیاریکردنی کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت کرد بە بڕی پێنجسەد ھەزار دینار.

سەرەتا سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دەستخۆشییان لە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری حکومەتدا، بە ھاوکاریی نووسینگەی سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران، کار و پڕۆژە و چالاکیی گرنگیان ئەنجامداوە لەم بوارەدا.

ئەنجومەنی وەزیران بە بایەخەوە، ھەڵسەنگاندنی بۆ ئەو ھەنگاو و ڕێکارانە کرد کە بوونەتە ھۆی برەودان بە بەکارخستن لە دەرفەتەکانی کارکردن لە کەرتی تایبەت و ھەوڵدان بۆ یەکسانکردنی مافەکانی خانەنشینی و دەستەبەر لە ھەردوو کەرتی تایبەت و گشتی و پاراستنی مافی کرێکاران و چالاککردنی سندوقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد بۆ دیاریکردنی کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی پێنجسەد ھەزار دینار.




دوایین هەواڵەکان

د.محه‌مه‌د شوكری: وەبه‌رهێنه‌رانمان سود له‌ ڕێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا له‌باره‌ی سیسته‌می ئه‌سیكۆدا وه‌رده‌گرن

THURSDAY, 25 JUNE 2026 17:06:45

هه‌ولێر -KDP. info- سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان گوتی "سیسته‌می ئه‌سیكۆدا په‌یوه‌ندی زۆری به‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌به‌رهێنه‌رانی ئێمه‌ش سودی لێ وه‌رده‌گرن."

 
زیاتر له‌ هه‌زار كرێكار له‌ بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سودمه‌ند ده‌بن

THURSDAY, 25 JUNE 2026 16:06:51

هه‌ولێر-KDP. info- بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەڵێ،  زیاتر له‌ هه‌زار كرێكار له‌ بڕیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سودمه‌ند ده‌بن و مووچه‌یان زیاد ده‌كرێت.

وەزارەتی دارایی: بەغدا 48 ترلیۆن دیناری لە شایستەکانی هەرێم بڕیوە

THURSDAY, 25 JUNE 2026 13:06:59

هه‌ولێر-KDP.info- بەپێی نوێترین داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە نووسراوی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی ساڵانی 2019 تا 2025 بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە، حکوومەتی فیدراڵ لە حەوت ساڵی رابردوودا تەنیا 42%ی کۆی پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجەی گشتی ڕەوانە کردووە.

 
جووتیاران بۆ KDP.info: بە هاوکاری حکوومەت هەنگاوی گەورەمان لە سێكتەری كشتوكاڵدا ناوە

THURSDAY, 25 JUNE 2026 13:06:42

هه‌ولێر-KDP.info- جووتیارانی هەرێمی کوردستان دڵخۆشیی خۆیان بەبۆنەی گرنگیدانی تایبەتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی بە کەرتی کشتوکاڵ نیشان دەدەن، بەتایبەت لە بواری دابینکردنی ئاسایشی ئاو و هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان بۆ بازاڕەکانی عێراق، وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپا. جووتیارانی لە شارەزوور لە ڕاپۆرتێکی تایبەتی ماڵپەڕی KDP.infoـدا، وێڕای ئاماژەدان بە کاریگەریی سەرما و نەخۆشییەکانی ئەمساڵ، هەنگاوەکانی حکوومەت بەرز دەنرخێنن و داوای بەردەوامیی پاڵپشتییەکان دەکەن تا کوردستان ببێتە سەبەتەیەکی گرنگی خۆراک لە ناوچەکەدا.

 
نیان ئەحمەد بۆ KDP.info: سبەی هەڵمەتی هۆشیاری لەبارەی ماددە هۆشبەرەکان دەست پێ دەکات

THURSDAY, 25 JUNE 2026 11:06:59

هه‌ولێر-KDP.info-  جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕادەگەیەنێت، سبەی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی هۆشیاری لەبارەی ماددە هۆشبەرەکان، هەڵمەتێکی نیشتمانیی هۆشیاری بۆ ماوەی هەفتەیەک لە هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات. ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات کە بە فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، دوو لیژنەی باڵا بۆ بەرەنگاربوونەوە و هۆشیارکردنەوەی نیشتمانی لە مەترسییەکانی ئەم پەتایە پێکهاتوون.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact