هەولێر-KDP.info- بەشداربووانی کەمپینی ڕاهێنانی سیاسی بۆ بەرپرسانی لیژنەی ناوچەکان کە لەلایەن مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو دەڵێن، ئەم خولە چڕوپڕانە، بازدانێکی جۆرییە لە شێوازی ڕاپەڕاندنی ئەرکە ڕۆژانەکانیان و کارتێکەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەهێزکردنی پێگەی حزب لەناو جەماوەردا دەبێت.
پەیوەست بە سوود و گرنگی کەمپی ڕاهێنانی سیاسی بۆ بەرپرسانی ناوچەکانی سنووری مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر، محەمەد حەسەن، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی کەسنەزانی پارتی گوتی، "کەمپینەکە لە ڕووی مەعنەوی، هزری و جەستەیییەوە سوودێکی زۆری بۆ کادیران هەبوو. وانەی زۆر بەپێز پێشکەش بە بەشداربووان کران، بەتایبەتی لەسەر چۆنیەتیی ئیدارەدانی قەیرانەکان لەلایەن بەرپرسانی ناوچەوە. هەروەها فێری ئەوە بووین چۆن لەو جوگرافیایەی لێی بەرپرسین، سەرکردایەتییەکی سەرکەوتوو تر بکەین، گوتیشی، ڕاستە ماوەی کەمپینەکە دوو ڕۆژ بوو، بەڵام چڕی و گرنگیی وانەکان وایکرد زۆرترین سوودی لێ ببینین."
لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل حەمەد، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی قوشتەپە گوتی، "بەرپرسی ناوچە هێڵی پێشەوەی پێوەندیی حزب و جەماوەرە، بۆیە پێویستە هەمیشە چەکدار بێت بە زانیاری نوێ، بەشداریکردنمان لەم کەمپینەدا کارێکی گرنگ بوو. لەو دوو ڕۆژەدا وانە و سیمیناری زۆر بەپێز پێشکەش کران، ئەم خول و سیمینارانە بوونە هۆی ئەوەی ئاستی شارەزاییمان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانماندا بەرزتر بێتەوە و بە زانیاری هاوچەرخ خۆمان دەوڵەمەند بکەین.
هەروەها بارزان نامیق، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی ڕزگاری ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم جۆرە ڕاهێنانە پێشکەوتووانەیە پێگەی کادیران بەهێز دەکات و کەرەستەی پێویستیان دەداتێ بۆ ئەوەی بە شێوازێکی دروست، زانستی و هاوچەرخ خزمەتی کۆمەڵگە و خەڵکی سنوورەکەیان بکەن."
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە ڕۆژی شەممە، ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە قەزای شەقڵاوە، بە ئامادەبوونی دکتۆر پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان و یاریدەدەرانی بەرپرسی مەکتەب، هەروەها بەشێک لە بەرپرسی لقەکانی سنووری مەکتەب و بەرپرسی بەشەکانی مەکتەبی ڕێکخستن، کەمپی ڕاهێنانی سیاسی بۆ بەرپرسی ناوچەکانی سنووری مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر کرایەوە بە ئامانجی پەرەپێدانی تواناکانی بەرپرسی ناوچەکان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە حزبییەکان لە قۆناغی ئێستادا لە دوو ڕۆژدا بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
قائید میرۆ