قاهیرە-KDP.info- شێخی ئەزهەر، لە کاتی پێشوازیکردنی لە وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە قاهیرە، ستایشی ڕۆڵی مێژوویی گەلی کورد و زانایانی ئایینی لە خزمەتکردنی مرۆڤایەتیدا کرد، و بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بۆ سەردانیکردنی هەولێر قبووڵ کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە لە قاهیرەی پایتەختی کۆماری میسر، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە بەشداری زین الدین سورچی بریکاری وەزارەت و شاندێکی باڵا، لەلایەن شێخ ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەر و بەرپرسانی باڵای مەشێخەکەوە پێشوازی لێکرا.

لە دیدارەکەدا شێخی ئەزهەر بە ڕێزەوە سەیری مێژووی گەلی کوردی کرد و ڕۆڵی زانایانی ئایینی و خەڵکی کوردستانی لە خزمەتکردنی ئیسلام و چەسپاندنی چەمکی پێکەوەژیان بەرز نرخاند، هاوکات جەختی لەسەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و میسر کردەوە.
لای خۆشیەوە وەزیری ئەوقاف تیشکی خستەسەر دۆخی نموونەیی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان، و لەو چوارچێوەیەشدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی پێشکەش بە شێخی ئەزهەر کرد کە لە لایەن ناوبراوەوە وەک هەنگاوێکی گرنگ و پڕبایەخ وەسفکرا و پشتگیری تەواوی لێکرا.
دواتر وەزیری ئەوقاف بەناوی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی داوەتنامەیەکی فەرمی ئاراستەی شێخی ئەزهەر کرد بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان، شێخی ئەزهەریش بە خۆشحاڵییەوە بانگهێشتەکەی قبووڵ کرد و ڕایگەیاند کە لە دەرفەتێکی گونجاودا بە شانازییەوە سەردانی کوردستان دەکات.
هەروەها شێخی ئەزهەر سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی مەسروور بارزانی کرد بۆ بنیاتنانی باڵەخانەیەکی هاوچەرخ بۆ پەیمانگای ئەزهەر لە شاری هەولێر کە لە ماوەی ڕابردوودا بەردی بناغەکەی دانرابوو، و لە تەوەرێکی تریشدا بەرپرسانی ئەزهەر بە گرنگییەوە باسیان لە دروستکردنی مزگەوتی گەورەی بارزانی لە هەولێر کرد.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، وەزیری ئەوقاف پەرتووکی پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستانی پێشکەش بە شێخی ئەزهەر کرد، و لە بەرامبەردا شێخی ئەزهەریش قەڵخانی ڕێزلێنانی مەشێخەی ئەزهەری پێشکەش بە وەزیری ئەوقاف کرد.