ھەولێر-KDP.info- دوای دوو ڕۆژ لە چالاکیی چڕ و بەردەوام، کەمپی ڕاهێنانی سیاسی و چالاکییە مەیدانییەکانی بەرپرسانی ناوچەکانی سەر بە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەزای شەقڵاوە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
ئەم کەمپە کە بە ئامانجی پەرەپێدانی تواناکانی بەرپرسانی ناوچەکان و ئامادەکاری بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە حزبییەکانی قۆناغی ئێستا ڕێکخرابوو، لە ڕۆژی دووەم و کۆتاییدا چەندین تهوەر و چالاکیی هەمەجۆری لەخۆگرت كە گرنگترین چالاکییەکانی ڕۆژی کۆتایی، پێشکەشکردنی زنجیرەیەک وانەی چڕی سیاسی، ڕێکخستن و تاوتوێکردنی بابەتەکانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و ئەنجامدانی هەڵمەتێکی فراوانی ژینگەپارێزی و چاندنی نەمام لە ناوچەکەدا و ئەنجامدانی چالاکییەکی شاخەوانی بۆ سەر چیای سەفین، کە کەشێکی پڕ لە هەماهەنگی و ڕۆحیەتی تیمی لەنێوان بەشداربوواندا خوڵقاند.
لە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە (٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، لە کەمپی جۆتەدار، مەراسیمی کۆتاییهاتنی کەمپەکە بە ئامادەبوونی هەڤاڵان د. چنار سەعد عەبدوڵڵا و چیا هەرکی، یاریدەدەرانی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر و جەعفەر ئیمینکی، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتیمان، هەروەها بەرپرسی لق هەریەکە لە زانا مەلا خالید، هیوا گەیلانی و سەنگەر کانەبی و بەرپرسی بەشەکانی مەکتەبی ڕێکخستن بەڕێوەچوو.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ پابەندبوون و بەشداریکردنی کاریگەرانەیان لە سەرجەم بڕگە و تەوەرەکانی کەمپەکەدا، بڕوانامەی بەشداربوون بە فەرمی بەسەر سەرجەم بەرپرسانی بەشداربووی ناوچەکاندا دابەشکرا.

