ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی تورکیا کرد، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەسەر دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە، سیاسەت و ھەڵوێست و ڕوانگەی پارتی لەسەر کۆی ھاوکێشە سیاسیەکان باسکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢-٦-٢٠٢٦، د.ھێمن ھەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام پێشوازی لە ئێرمان تۆپچو کونسوڵی گشتی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان کرد.
لە میانەی دیدارەکەدا د.ھێمن ھەورامی جەختی لەوە کردەوە کە پارتی خوازیاری برەودانی زیاتری پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و تورکیاییەو بە بەرنامەو میکانیزمێکی تۆکمەوە لە بەغداوە بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات، ھەروەھا وتیشی کە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی ھەموو لایەکە بەکاراکردنی پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی ھەرێم لە چەقبەستوویی رزگار بکرێ.
ھێمن ھەورامی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە سیاسەت و ھەڵوێستی نەگۆڕی پارتی کردەوە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش برەوی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا بدرێت و لەم ڕووەو گفتوگۆ لەسەر ئاستە جیاجیاکانی ئەو پەیوەندییانە کرا. لەبارەی پرۆسەی سیاسی عێراقەوە ئەوەمان ڕوونکردەوە کە لەسەر بنەمای دەستوور، پارتی بە میکانیزمێکی نوێ جەخت لە پاراستنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە و پەیوەندیەکی ھاوسەنگ لەسەر بنەمای سازان و ھاوبەشی و ھاوسەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەن و پێکھاتەکان برەو پێدەدات.
لەبارەی دۆخی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستانەوە، ھێمن ھەورامی ڕوونی کردەوە، کە نزیکەی ۲٠ مانگە ھەڵبژاردن کراوەو ھەر لەسەرەتاوە پارتی لەگەڵ دامەزراندنی حکوومەتێکی یەکڕیزی نیشتیمانی بووە بە بەشداری ھەموو لایەک و ڕێزمان لە ھەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن بوونی ھەندی لایەن گرتووە و لەگەڵ یەکێتیش بەپشوو درێژیەکی زۆرەوە ڕێککەوتنی سیاسی واژۆ کرا و ئێستا دۆخەکە بۆ دەرچوون لەم چەقبەستوویە بە کاراکردنی پەرلەمان و دروستکردنی لیژنەکانی دەبێت و ھیواخوازین ھەموو لایەک ڕاستگۆییانە لەگەڵ بانگەشەی کاری پەرلەمانی و دیموکراسیەت و پاراستنی ڕەوایەتی دامەزراوەکان ھاوکار و پشتیوانی کاراکردنەوەی پەرلەمان بن.