ئاکرێ-KDP.info- بە گوژمەی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار و لەسەر ڕووبەری ٤٤٦ دۆنم زەوی، پڕۆژەی ستراتیژیی ئاکرێ ڤیو لە سەنتەری قەزای ئاکرێ جێبەجێ دەکرێت. پڕۆژەکە کە لەلایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پاڵپشتی دەکرێت، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە کەرتی گەشتوگوزار، بازرگانی و ئابووریی ناوچەکەدا دروست دەکات و دەبێتە هۆی ڕەخساندنی سەدان هەلی کار بۆ هێزی کاری ناوخۆیی.
کۆڤان جەلال جەمیل، ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئاکرێ ڤیو، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "پڕۆژەی ئاکرێ ڤیو بە گوژمەی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار، لەسەر ڕووبەڕی ٤٤٦ دۆنم زەوی، لە سەنتەری قەزای ئاکرێ دروست دەکرێت و پێکدێت لە چەندان هۆتێلی یەک، دوو، پێنج ئەستێرە، مۆتێل، چێشتخانە، بازاڕی گەورە، شاری یاری، پارکی ئاوی، دەریاچە و پۆندی دەستکرد، شوێنی گشتی حەسانەوە، هۆڵی بۆنەکان، یاریگای گۆڵف و چەند بەشێکی تر لەخۆ دەگرێت کە سیمایێکی مۆدێرن و تازە بە ئاکرێ دەبەخشێت. هاوکات لەڕووی بازرگای و ئابووری، قەزای ئاکرێ دەبووژێنێتەوە و گەشەیەکی بەرچاو دەخاتە نێو شارەکەوە".
ئەندازیار کۆڤان جەلال، ئاماژەی بە ڕەخسانی هەلی کاریش کرد و گوتی، "بەشێکی گرنگی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە سەدان دەرفەتی کار بۆ خەڵکی ئاکرێ دەڕەخسێنێت، نەک تەنها وەک کارمەندی ئاسایی، بەڵکو وەک خاوەن کار لەو پڕۆژەیە سوودمەند دەبن. ئێستا پڕۆژەکە لە قۆناغی یەکەمی دایە و ژمارەیەک چێشتخانە و فرۆشگا تەواو کراون. ئەوانەشی ئێستا کار لەسەر پڕۆژەکە دەکەن لە دارتاشەوە تا ئەندازیار، هەموویان دەستی کاری خۆماڵین و دەرفەتی کار بۆ سەدان کەس لە ئاکرێ ڕەخساوە".
هەر لە بارەی گرنگی و پێویستی ئەم پڕۆژەیە، ئەمین سەلیمیش، کە بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە ئێستادا ئاکرێ بێ بەشە لەو خزمەتگوزارییانەی لەم پڕۆژەیەدا هەن، بۆیە سوپاسی کابینەی نۆیەمی حکوومەت دەکەین کە لەڕێی ئەم پڕۆژەیەوە، تەواوی خزمەتگوزاری و پێداویستییە هەنوکەییەکانی خەڵک و گەشتیاری ئاکرێ پڕ دەبێتەوە." ناوبراو دەشڵێت، "بەم پڕۆژەیە کێشەی نەبوونی شوێنی حەسانەوە چارەسەر دەبێت و نزیکەی ٢٠٠٠ بۆ ٢٥٠٠ کەس دەتوانن لێی سوودمەند ببن".
ئەژین غەفار