ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێورەسمێکی فراواندا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە زانایانی ئایینی و کەسایەتییەکان، بەردی بناخەی پڕۆژەی "مزگەوتی گەورەی بارزانی" لە هەولێر دانا.
دەقی وتاری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان. ئامادەبووانی هێژا، مامۆستایانی بەڕێزی ئاینی، شێخانی تەریقەت، بەخێربێن سەرسەر و سەرچاو. زۆر زۆر خۆشحاڵم کە لەم بۆنە گرنگەدا لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستداین ئەمڕۆ، بۆ دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی ناوازە کە هەستمان کردووە پێویستییەکی مێژوویی و گرنگە بۆ شاری هەولێر و بۆ کوردستانی خۆشەویستمان.
بیرۆکەی مزگەوتی گەورەی بارزانی پێش سێ ساڵ بۆ ئەوە بووە کە ئێمە هەستمان کردووە هەولێر و کوردستان پێویستیان بە هێمایەکە؛ هێمایەکی ئاینی کە رەنگدانەوەی خوداناسی و مرۆڤدۆستی گەلەکەمان بێت، هەروەها رەنگدانەوەی مێژووی پڕ لە سەروەری گەلەکەمان لە دادپەروەری و رووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەم بێت.
ئەم مزگەوتە گەورەیە تەنیا شوێنێک نابێت بۆ خوداناسی، بەڵکو شوێنێکە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە زۆر لایەنەوە لە رووی دین و ئاینەوە خزمەتی گەلەکەمان بکەین، خزمەتی ئایینە پیرۆزەکەمان بکەین، خزمەتی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو ئاین و ئاینزاکان بکەین.
ویستمان ئەم مزگەوتە بە ناوی بارزانی نەمرەوە بکەین و ناوی لێ بنێین مزگەوتی بارزانی، مزگەوتی گەورەی بارزانی، وەکو وەفایەک بۆ رێزلێنان لە گەورەترین رابەری هاوچەرخی نیشتیمانی و نەتەوەیی گەلەکەمان، کە بووەتە سیمبولی خوداناسی و نیشتمانپەروەری و دادپەروەری و ئاشتەوایی.
هەروەها رەنگدانەوەیەکە بۆ ئەو بەها بەرزانەی کە شێخانی تەریقەتی بارزان بۆ ئێمەیان بەجێهێشتووە. هەر لە زەمانی شێخ عەبدولسەلامی شەهیدەوە تا شێخ ئەحمەدی نورانی و هەموو ئەو کەسایەتییە بەرزە ئاینییانەی کە لە وڵاتی ئێمە، لە گەلی ئێمە هەڵکەوتوون، ئەمە دەبێتە شوێنێک بۆ یادکردنەوەی ئەم پیاوە گەورانە.
ئەم مزگەوتە لە چەندین بەشی جیاواز پێکدێ، هەر وەک دەیبینن، بەشێکی زۆری تەرخان کراوە بۆ نوێژکردن و نزا و تاعت و خوداپەرستی؛ بەڵام بەشی تریشی تێدایە بۆ بۆنە ئاینییەکانی کە لە هەموو ساڵدا پێویستە بکەوێتە کار و لە خزمەتی هاوڵاتیاندا بێت.
شوێنێک دەبێت بۆ فێربوون و خوێندن، بۆ ئەو قوتابیانەی کە دەیانەوێ لە رووی زانستی ئاینییەوە خۆیان پێ بگەیەنن. ئێمە ناوەندێکی گەورەی پێشکەوتوو دادەمەزرێنین کە بکەوێتە خزمەتیان. هەروەها چالاکی جۆراوجۆری ساڵانەیان دەبێت کە دیسان هەمووی هەر لە خزمەتی هاوڵاتیان و بەتایبەتی چینی هەژاری گەلەکەماندا دەبێت.
شوێنێک دەبێت بۆ پەرەپێدان بە پێکەوەژیانی ئاینی، پێکەوەژیانی هەموو ئاین و ئاینزاکان، هەموو نەتەوە جیاوازەکان کە ئێمە لە کوردستان شانازی پێوە دەکەین. راستە وڵاتی ئێمە پڕە لە شوێنی خوداپەرستی بۆ هەموو ئاینە جیاوازەکان لەخوابەزیادبێت؛ بەڵام هەستمان کرد پێویستیمان بە سیمبولێکی گەورەیە کە دیسان شاری هەولێری خۆشەویست لەسەر ئاستی نەخشەی جیهانی، جێگەی بەهۆی ئەم جۆرە هێمایانە زیاتر پڕبکرێتەوە.
لە رووی رووبەرەوە ئەم پڕۆژەیە، ئەم مزگەوتە دەبێتە گەورەترین لەسەر ئاستی جیهان. هەر لەگەڵ ئەو مزگەوتە پارکێکی یەکجار گەورە، کە چەندین درەخت و سەوزاییشی تێدایە و دەریاچەیەکی گەورەشی تێدا دروست دەکرێ، ئەمەش هەمووی دیسان هەر دەخرێتەوە خزمەتی هاووڵاتییان. ئەم پڕۆژەیە خاوەنی چەندین پێوەری جیهانییە، بەشێکیان لێرە باس کران.
شێوازی مزگەوتەکە لە شێوازی رەشماڵ و خێمە دەچێت، کە لە مێژووی گەلەکەماندا لە هۆزە جیاوازەکانی کوردستاندا رەشماڵ و خێمە شوێنێکی تایبەتیان هەبووە. و زۆرجار لە ئاوارەیی، لە بێکەسی، لە کاتی شۆڕشکردن و بەرخودان و خۆڕاگری و رووبەڕووبوونەوەی ستەم، ئێمە نەمانتوانیوە لە شارەکاندا بژین بەڵکو پەنامان بردووە بۆ خێمە و بۆ رەشماڵ. هەر ئەمەش شوێنێک بووە کە جەنابی بارزانی نەمر زۆرجار تێیدا حەواوەتەوە.
بۆیە دروستکردنی مزگەوتێک لە شێوەی رەشماڵ و خێمە تەنیا رەنگدانەوەی تەلارسازی کوردی نییە، بەڵکو گواستنەوەی بەشێکی مێژووی ستەمدیدەی گەلەکەمانە بۆ ئەوەی خەڵک بزانێ ئێمە بە چ قۆناخێکدا تێپەڕیوین.
ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەم تەلارسازییە بە بیرۆکەیەکی کوردی و بە دەست و بازووی ئەندازیاری کوردەوە دروست کراوە. جێی خۆیەتی باسی ئەوە بکەم کە وەختێک ئێمە بیرۆکەکەمان باس کرد لەگەڵ بەڕێز وەزیری ئەوقاف، کاک پشتیوان، ئێمە بە دوای کەسێکی بەتوانادا دەگەڕاین کە بتوانێ یارمەتی ئێمە بدا لە دروستکردنی ئەم بیرۆکەیە یان ئەم بیرۆکەیە بکا بە ئەمری واقع.
دواتر کاک دکتۆر گۆران، ئەو هات و لەگەڵی دانیشتین دوای چەندین جار قسەکردن، چەندین گۆڕانکاریشمان بەسەر دیزاینەکەدا کرد، بەڵام لە ئەنجامدا گەیشتینە ئەم شێوازەی کە ئێستا لەبەرچاوتانە. دەستخۆشی لە کاک موهەندیس گۆران دەکەم، بەڕاستی کارێکی ناوازەی کردووە، وە ئینشائەڵڵا هەر زوو دەست دەکەین بە دروستکردنی ئەم مزگەوتە گەورەیە کە بکەوێتە خزمەتی هەموو هاونیشتیمانیانی بەڕێز.
من جێی خۆیەتی سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەش بکەم کە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بەشدار بن لە بەئەنجامگەیاندنی ئەم پڕۆژە گەورەیە.
لە کۆتاییدا ئەم پڕۆژەیە، ئەم مزگەوتە گەورەیە دەبێتە هێمایەک، دەبێتە سیمبولێک کە پێشان دەدات گەلی ئێمە، گەلێکی خواپەرستە، گەلێکی مرۆڤدۆستە، گەلێکی دادپەروەرە، و هەمیشە ئامادەین لەپێناو خزمەتکردن بە گەل و وڵاتمان بە رێگەی ئاین و خوداناسی بەردەوام بین.
هەروەک خوداش دەفەرموێ، خۆشەویستی نیشتیمان لە ئایینەوە هاتووە، بۆیە ئەم مزگەوتە دەکەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییان، هیوادارم بەردەوام بن لە خوداپەرستی و بەردەوام بن لە رێزگرتن لە بەها بەرزەکانی گەلەکەمان، لە خۆشەویستی وڵاتەکەمان.
ئێوە هەر سەرکەوتوو بن، وڵاتیشمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر زۆر سوپاس بۆ هاتنتان.