ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێورەسمێکی فراواندا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە زانایانی ئایینی و کەسایەتییەکان، بەردی بناخەی پڕۆژەی "مزگەوتی گەورەی بارزانی" لە هەولێر دانا.
مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیران، گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە رەهەندە جیاوازەکانی پڕۆژەکە کرد. سەرۆکوەزیران ئاشکرای کرد بیرۆکەی دروستکردنی ئەم مزگەوتە بۆ سێ ساڵ پێش ئێستا و دەگەڕێتەوە و هەستی بەوە کردبوو، "هەولێر و کوردستان پێویستییان بە هێمایەکی ئایینی هەیە بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی خوداناسی و مرۆڤدۆستیی گەلەکەمان بێت، هاوکات نیشاندەری مێژووی پڕ لە سەروەریی کورد بێت لە دادپەروەری و رووبەڕووبوونەوەی ستەم".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان روونی کردەوە، "ئامانج لەم پڕۆژەیە دروستکردنی تەنیا شوێنێک نییە بۆ خواپەرستی، بەڵکوو دەبێتە ناوەندێک بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو لە رووی زانستی و ئایینییەوە خۆیان پێ بگەیەنن و خزمەتی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بکەن. لەم سۆنگەیەوە و لە پاڵ مزگەوتەکەدا، بەشێکی تایبەت بۆ پێکهاتە و ئایینەکانی دیکەش دروست دەکرێت بۆ ئەوەی ببێتە مەڵبەندێک بۆ خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییان بەبێ جیاوازی".
سەبارەت بە شێوازی بیناسازیی پڕۆژەکە، مەسروور بارزانی تیشکی خستە سەر دیزاینە تایبەتەکەی و گوتی: "شێوازی مزگەوتەکە لە رەشماڵ و چادری کوردییەوە وەرگیراوە. لە مێژووی ئێمەدا رەشماڵ تەنیا شوێنی نیشتەجێبوون نەبووە، بەڵکوو لە کاتی ئاوارەیی، بێکەسی و شۆڕش و بەرخوداندا، پەناگە و هێمای خۆڕاگری بووە بەرانبەر بە زوڵم و ستەم."