ھەولێر-KDP.info- بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 21/6/2026 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ده‌رچوونى خولی پێنجەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە كۆلێژی سەربازیی سێی قەڵاچوالاندا لە سلێمانی كرد.
لە ڕێوڕەسمەكەدا كە بەڕێزان مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وه‌زیر و سوپاسالارى پێشمه‌رگه، پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئیداری و سیاسیی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان و كەسوكاری قوتابییان و مامۆستا و ڕاهێنەرانی خولەكە، ئاماده بوون، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
بەڕێز كاكە قوباد تاڵەبانی،
دەرچووانی ئازیز،
ئامادەبووانی خۆشەویست،
ڕۆژتان باش،
هەمووتان زۆر بەخێر بێن، بۆ ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی پێنجەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی سێى قەڵاچوالان لە شاری سلێمانیی خۆشەویست. ئەم دیمەنە پڕ لە دیسپلین و ڕێکخراو و شکۆدارە، جێگەی شانازیی ئێمە و خێزانەکانتان و تەواوی گەلی کوردستانە.
هەمووتان زۆر بەخێر بێن، بۆ ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی پێنجەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی سێى قەڵاچوالان لە شاری سلێمانیی خۆشەویست. ئەم دیمەنە پڕ لە دیسپلین و ڕێکخراو و شکۆدارە، جێگەی شانازیی ئێمە و خێزانەکانتان و تەواوی گەلی کوردستانە.
زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزین کە ئەمڕۆ پێکەوە شایەدی دەرچوونی (210) ئەفسەری گەنج و هۆشیار و لێهاتووی کوردستانین. ئەم ئەفسەرانە دوای (9) مانگ لە ماندووبوون و شەونخونی، خولی مەشقی سەربازی، ئەکادیمی و پراکتیکیی خۆیان سه‌ركه‌وتووانه بەکۆتا هێناوە. ئەوان ئیتر وەک هێزێکی نوێ و زانستی دێنە ناو په‌یكه‌رى وەزارەتی پێشمەرگە، تا پەرە بە سیستەمی بەرگریی نیشتمانیی وڵاتەکەمان بدەن.
جێگەی دەستخۆشی و مایەی گەشبینییە کە دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، ئێوه، ئێوەی خۆشەویست خۆبەخشانە، بە ویست و بڕیاری خۆتان هاتوونەتە ناو ڕیزەکانی خوێندنی سەربازی. ئەمە بەرزترین ئاستی دڵسۆزی، ئاگایى و نیشتمانپەروەریی ئێوە پیشان دەدات بۆ گەلی خۆتان.
ئێمە و دایكوباوكتان، دڵسۆزەکانتان، كه‌سوكارتان و هاوكارەكانتان، بەم بڕیارەى ئێوە سەربەرز و دڵخۆشین و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین. لە ناخی دڵەوە به گه‌رمى پیرۆزبایی لە ئێوە و لە خێزانە ئازیزیەکانتان دەکەم بۆ ئەم سەركەوتنەی كە بەدەستتان هێناوە. خوای گەورە پشتیوانتان بێت لە ژیان و كارەكانتان سەركەوتوو و سەرفراز و سەربڵند بن.
هەر لێرەدا جەنابی سەرۆك مام جەلال بە ڕێزەوە بەبیر دەهێنینەوە كە لە ساڵی 1992 ئەم كۆلێژە بە فەرمانی جەنابیان دامەزرا بۆ ئەوەی خزمەت بە وڵات و خزمەت بە كوردستان و خزمەت بە تەواوی عێراق بكرێت.
دەرچووانی هێژا،
ناو و پێناسه‌ی پێشمەرگە، زۆر پیرۆزن. پێشمەرگایەتی بەشێکی زێڕین و سەرەکیی ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوایەتیمانە. ئەرکی هه‌موومانه کە پارێزگاری لە ناوبانگ و لە شکۆ و لە مێژووی پڕ لە شانازی، لە خه‌بات و قوربانییەکانی پێشمەرگە بکەین. ئەمه‌ش به‌وه ده‌كرێت كه ئێوه‌ى ئازیز و خۆشەویست ده‌بێ له چوارچێوەی هێزێکی یەکگرتوو، پیشەیی و نیشتمانیدا، خزمه‌ت بكه‌ن.
لەم ئه م سه‌رده‌مه نوێیەدا، ئەرکی ئێوە تەنیا لە مەیدانەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کلاسیک‌دا کورت ناكرێتەوە، به‌ڵكوو پێویستە ئێوە بە گۆڕانکارییەکانی سەردەم، نوێگەری و ڕۆحی داهێنان ڕابێن.
خۆپێگەیاندنی بەردەوام لەڕووی زانستی و پیشەیییەوە، دەبێ ببێتە ستراتیژی کاركردنتان لە کاروانی داهاتووی ژیانتان، گرنگیی پێویست بە فێربوونی تەکنەلۆژیای سەربازیی هاوچەرخ بدەن بۆ ئه‌وەی هاوتەریبی پێشکه‌وتنەکانی جیهان بن.
ده‌بێ هه‌ستى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانیتان به‌هێز بێت و خوێندنه‌وه‌تان بۆ هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانى ده‌وروبه‌ر هه‌بێت، له هه‌ر بوارێكدا بێت. له مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و توندڕه‌وى و گوتارى ڕقوكینه‌وه، تا ده‌گاته مه‌ترسییه ئه‌منییه‌كان. پێویسته ئاگایى و هۆشیاریتان له‌مباره‌یه‌وه به‌هێز بكه‌ن.
بێگومان، لەپاڵ ئەم ئەرکە پیرۆزەدا، گرنگیدان بە بژێویی ژیانى پێشمەرگە قارەمانەکان و باشترکردنی گوزەرانیان، هەمیشە لە پێشینه‌ى کارەکانی ئێمەدا دەمێنێتەوە، چونکە ئێوە شایەنی ژیانێکی سەربەرزن.
ده‌رچووانى ئازیز،
ئێوه سه‌ركه‌وتووانه قۆناغێكى گرنگتان تێپه‌ڕاند، به‌ڵام بەرپرسیاریەتیتان لەمڕۆوە فراوانتر و قورس‌تر دەبێت. ئێوە دەبێ لە ناو هێزى پێشمه‌رگه‌دا ببنە پارێزەری سەرەکیی چەمکەکانی پێکەوەژیان، لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردن.
ئه‌و كولتووره‌ى شانازیى پێوه ده‌كه‌ین و هه‌رێمى كوردستانى کردووەتە لانکەی ئارامی بۆ هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکان و بووەتە مایەی ڕێز و پێزانینی تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ئێوە دەبێ پارێزەری چەمک و بەها مەدەنییەکان، دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان بن. هیچ کات مەبنە بەشێک و لایەنێکی کێشە و ململانێ سیاسییەکان، بەڵکوو هەمیشە ده‌بێ وەک هێزێکی نیشتمانیی كوردستانی بمێننەوە و بەرگری لە شكۆى مرۆڤ بکەن بێ جیاوازی لەم وڵاتەدا.
ئامادەبووانی به‌ڕێز،
پەیامی هەمیشەییی ئێمە بۆ ناوخۆی کوردستان، یه‌كهه‌ڵوێستى، تەبایی، پێكه‌وه‌یى و کۆدەنگییە لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستاندا. هێز و مانەوەی هەرێمی کوردستان کاتێک مسۆگەر دەبێت کە ئێمە لە ناوخۆماندا ته‌با بین و بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان بخەینە سەرووی هەموو ململانێ و جیاوازییەکی دیكه‌وه.
فرەڕەنگیمان دەوڵەمەندیمانه، هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان له هه‌ر نه‌ته‌وەیەك و ئایینێك بن، پێکەوە شوناسی جوانی ئەم نیشتمانە پێک دەهێنن. ئه‌مه جوانییه‌كى زۆر و هێزێكى گه‌وره‌یه بۆ كوردستان.
هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا، جارێکی تر سوپاس و پێزانینى هەرێمی کوردستان پێشكه‌ش به هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمه‌ریکا دەکەم کە لە شەڕی دژی داعشدا زۆر دڵسۆزانە پشتیوانیی سه‌ربازیی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد و هاوکارمان بوون لە تێکشکاندنی تیرۆردا.
سوپاس و پێزانینمان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه بۆ بەردەوامی و دڵسۆزیی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانان کە لە پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەی هێزەکانى پێشمه‌رگه‌دا، هاوکار و یارمەتیدەرێکی گرنگ و جددیى ئێمەن.
ڕاستە هەنگاوی باش نراوە، بەڵام خواستى ئێمه له‌وه زیاتره و پێویستە هەنگاوه‌كان زۆر خێراتر بکرێن. ده‌بێ سستییهكانى ئه‌م پرۆسه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێن. ئاڵنگارییه‌كان و ململانێكانى ناوچه‌كه، ئه‌وه‌مان لێ ده‌خوازێت ڕۆژێك زووتر ئه‌م ئه‌ركه جێبه‌جێ بكه‌ین كە خزمەت بە هەموو كوردستان و عێراق دەكات.
بۆیه هه‌موو لایه‌ك دڵنیا دەکەینەوە، کە ئێمە بە ئیرادەیەکی جددى و بەهێزەوە بەردەوام دەبین بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و سەرخستنی ئەم پرۆسە چارەنووسسازە، چونكه یەکگرتووییی پێشمەرگە، گه‌ره‌نتى و بنه‌مایه‌كى سه‌ره‌كیى پاراستنی مافه ده‌ستوورییه‌كان و قەوارەی فیدراڵیى هەرێمى كوردستانە.
ده‌رچووانى خۆشه‌ویست،
ئەمڕۆ، بە شانازییەوه لەژێر سایە و شکۆی ئاڵای کوردستان و ئاڵای عێراقدا دەردەچن. ئەمە گوزارشتێکی ڕاستەقینەیە لەو واقیعەی کە هەرێمی کوردستانی فیدراڵ، وه‌ك قه‌واره‌یه‌كى ڕه‌واى ده‌ستووریى دانپێدانراو، بەشێکی به‌هێزى دەستووری، یاسایی و بنەڕەتییە لە چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تى عێراقی فیدراڵیدا.
بۆیه پێویستە حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا، هەموو ئەرک و پابەندییە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆی بەرامبەر بە پێشمەرگە جێبەجێ بکات، بەتایبەتی دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و تەواوی پێداویستییە سەربازییەکان، چونکە پێشمەرگە پارێزەری ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریی هەموو عێراقە، لە دەستووریشدا ئەم بەشە بە تەواوەتی باس كراوە.
پاشەڕۆژی هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى عێراق پێکەوە گرێدراوە؛ سەرکەوتنمان یەکە، ئاڵنگاری و چارەنووسیشمان لە عێراقدا هاوبەشن. ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە گەشبینییەوە چاوەڕێی کارکردنی هاوبەشین لەگەڵ حکوومەتی سەرۆکوەزیران بەڕێز عەلی زەیدی، تا لەسەر بنەمای دەستوور، ڕێزگرتنی دوولایەنە و هاوبەشیی نیشتمانیی ڕاستەقینە، ئاوەدانی و پێشكه‌وتن بۆ هەموو عێراق بێ جیاوازی مسۆگەر بکەین.
ئەم ئاراستە نیشتمانى و ئاشتییانەی ئێمە، هاوتەریبە لەگەڵ ئەو دۆخە گەشبینە نوێیەی کە لە ناوچەکەمان و جیهاندا دروست بووە. ئێمە بە خۆشحا
ڵییهوه لە هەرێمی كوردستان پێشوازیمان لە کۆتاییهاتنی گرژی و شەڕی نێوان ئەمه‌ریکا و ئێران كرد کە لە ڕێگەی ڕێککەوتن، دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە هیوادارین کۆتایی پێی بێت.
دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه كه هه‌رێمى کوردستان وەک هەمیشە به فاکتەری ئارامی و پردی متمانە لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە. كارمان بۆ ئه‌وه كردووه و به‌رده‌وام ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ى عێراق و هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەك نه‌بنه بەشێک لە کێشە و لە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەكەدا.
ئێمه ده‌مانه‌وێت و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین هه‌میشه به‌شێك بین له چاره‌سه‌ر و له هاریكاریى هاوبه‌ش بۆ چه‌سپاندنى ئاشتى و سه‌قامگیرى و پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانى. بۆ دۆزینەوەى ڕێگه‌كانى به‌رژوه‌ندیى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌كاركردن لەم وڵاتەدا و لەم ناوچەیەدا كە ئێمە تێیدا دەژیین.
لە کۆتاییدا، سوپاس و پێزانینی زۆرمان پێشکەش به بەڕێزان ڕاگر و مامۆستایانی ڕاهێنەر و سەرپەرشتیارانی کۆلێژی سەربازیی سێى قەڵاچوالان دەکەین کە ئەرکێکی گه‌وره و پیرۆزیان کێشا بۆ پێگەیاندنی ئەم گه‌نجانه‌ى كوردستان و سه‌رخستنى ئه‌م خولە سه‌ربازییه. به گه‌رمى ده‌ستخۆشیتان لێ ده‌كه‌م.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانى پاکی شه‌هیدانى کوردستان داده‌نوێنین کە ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی ئەم شەهیدانە ئێمە كوردستانێكی ئازاد دەبینین و دەتوانین ئەم ڕێوڕه‌سمانه بگێڕین. ئەو شەهیدانە بەبیر دەهێنینەوە كە ژیانى خۆیان بەخت کرد تا ئەمڕۆ ئێمە لێرە بە ئارامی کۆببینەوە. سڵاو و ڕێز بۆ شه‌هیدانى زیندوو، بریندارە قارەمانەکانمان لە كوردستان لە هەر شوێنێك بن، سڵاو و ڕێز و خۆشەویستییان بۆ دەنێرین، هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازم.
پیرۆزە لە ئێوە، پیرۆزە لە خێزانە خۆشەویستەکانتان، له ژیان و لە ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیى تازه‌تاندا، هیواى سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم، تەمەندرێژ بن، سه‌رفراز بن، سەركەوتوو بن، خوای گەورە لە ژیاندا پشتیوانتان بێت.
زۆر سوپاس.
