ههولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 5ی پێگەیاندنی خوێندکاران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، هێز و مانەوەی هەرێمی کوردستان کاتێک مسۆگەر دەبێت، کە ئێمە لەنێو خۆماندا تەبا بین و بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان بخەینە سەرووی هەموو ململانێ و جیاوازیی دیکەوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، "ئەرکی هەموومانە پارێزگاری لە ناوبانگ، شکۆ و مێژووی پڕ لە شانازی و خەبات و قوربانییەکانی پێشمەرگە بکەین."
هەروەها نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی ئاراستەی هێز و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "پەیامی هەمیشەیی ئێمە بۆ نێوخۆی کوردستان یەک هەڵوێستی، پێکەوەیی، تەبایی و کۆدەنگییە لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی گرنگیدان بە بژێویی ژیانی پێشمەرگە و باشترکردنی گوزەرانیان گوتی، "هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی ئێمەدا دەمێنێتەوە، چونکە ئێوە شایەنی ژیانێکی سەربەرزن."
نێچیرڤان بارزانی داوای لە دەرچووانی خولی 5ی پێگەیاندنی خوێندکاران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان کرد، کە "دەبێت پارێزەری چەمک و بەها مەدەنییەکان، دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان بن." هەروەها بە دەرچووەکانیشی گوت، "بەرپرسیارێتیتان لە ئەمڕۆوە فراوانتر و قورستر دەبێت. ئێوە دەبێت لەناو هێزی پێشمەرگەدا ببنە پارێزەری سەرەکیی چەمکەکانی پێکەوەژیان، لێبووردەیی و یەکدی قبووڵکردن، ئەو کولتوورەی شانازیی پێوە دەکەین و هەرێمی کوردستانی کردووەتە لانکەی ئارامی بۆ هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکان و بووەتە مایەی رێز و پێزانینی تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا داوای لە دەرچووانی کۆلێژە سەربازییەکە کرد، "هیچ کات مەبنە بەشێک و لایەنێکی کێشە و ململانێ سیاسییەکان، بەڵکو هەمیشە دەبێت وەکو هێزێکی نیشتمانیی کوردستانی بمێننەوە و بەرگری لە شکۆی مرۆڤ بکەن بەبێ جیاوازی لەم وڵاتەدا."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەش نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، هەنگاوەکان بۆ ئەو مەبەستە "باش نراون، بەڵام خواستی ئێمە لەوە زیاترە و پێویستە هەنگاوەکان زۆر خێراتر بکرێن. دەبێت سستییەکانی ئەم پرۆسەیە چارەسەر بکرێن، ئاڵنگاری و ململانێ ناوچەییەکان ئەوەمان لێدەخوازێت رۆژێک زووتر ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەین کە خزمەت بە هەموو کوردستان و عێراق دەکات."
هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، "یەکگرتوویی پێشمەرگە گەرەنتی و بنەمایەکی سەرەکیی پاراستنی مافە دەستوورییەکان و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستانە."