ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە، بەبۆنەی دەستپێکی وەرزی ھاوین و بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر و بەرپرسی لقەکان، کەمپێکی فراوانی ڕاھێنان و پەرەپێدانی تواناکان بۆ بەرپرسی ناوچەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر لە قەزای شەقڵاوە کرایەوە.
دکتۆر پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە گوتەیەکدا ئامانجی ڕێکخستنی ئەم کەمپە مەشقییەی ڕوونکردەوە و گوتی، "ئامانجی ئەم پڕۆژەیە پێشخستنی تواناکان، زانستی سەرکردایەتی، و بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری و ھزریی ھەڤاڵانمانە. ئێمە دەخوازین پشت بە ڕێگە نوێکانی بەڕێوەبردن ببەستین و پەیوەندی بەردەوام، خزمەتی گشتی، ژینگەپارێزی و گیانی پێکەوەکارکردن پەرە پێبدەین."

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێر ڕێگەکانی سەرکەوتنی کادیرانی حزبی لەم قۆناغەدا خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکی، پەرەدانە بە گیانی بەرپرسیاریەتی لای ھەڤاڵان، چونکە ئەوان ئەمانەتێکی گەورەیان لەسەر شانە کە ئەویش بەرگری، پاراستن و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە.
شایانی باسە ئەم کەمپە مەشقی و ڕاھێنانە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ئەم بڕگانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت، تەوەرە فکری، سیاسی و کارگێڕییەکان لەلایەن کەسانی پسپۆڕ، ئەکادیمی و سیاسییەوە پێشکەش دەکرێن و پڕۆگرامەکە تەنیا تیۆری نییە، بەڵکو چەندین چالاکی پراکتیکی، ڕاھێنانی جەستەیی و بڕگەی ھەمەڕەنگ و نوێ لەخۆ دەگرێت کە ھاوکار دەبن لە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری و توانای جەستەیی بەشداربووان.
