سۆران-KDP.info- سەرۆکی زانکۆی سۆران باسی لەو دەستکەوت و ھەنگاوە ئەکادیمییانە دەکات کە زانکۆی سۆران لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا بەدەستی ھێناون. ناوبراو دەشڵێ، توێژینەوەکانی زانکۆی سۆران بوونەتە بنەمای بڕیاری گرنگ لە حکوومەتی ھەرێم، ھاوکات بوونەتە بنەمای کار و پڕۆژەی پێکەوەیی لەگەڵ چەند زانکۆیەکی پێشکەوتووی جیھاندا.
دکتۆر شێروان شەریف قوڕتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاستی بەرزی ئەکادیمیی زانکۆکەی خستە ڕوو و گوتی، ''زانکۆی سۆران تەنیا ناوەندێکی فێربوون نییە، بەڵکو بووەتە بزوێنەری چارەسەرکردنی کێشە ستراتیژییەکانی وڵات، توێژینەوە زانستییەکانی ئێمە توانیویانە کێشە یاساییەکانی ئیدارە سەربەخۆکان چارەسەر بکەن، ببنە ڕێنمایی فەرمی بۆ وەزارەتی پەروەردە لە پاراستنی زماندا، و ڕێڕەوی پڕۆژە ژینگەیییەکان بگۆڕن.
سەرۆکی زانکۆی سۆران لەسەر ئاستی جیھانیش ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێمە ئێستا لەگەڵ زانکۆکانی ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئینگلتەرا ھاوبەشیی زانستی دەکەین و لە شۆڕشی پزیشکیی (خانەی بنچینەیی) بەشدارین، پەیامم بۆ بەرپرسانی حکوومەت ئەوەیە کە متمانەی زیاتر بە ناوەندە ئەکادیمییەکان بکەن، چونکە زانست تاکە گەرەنتیی سەرکەتوویی پڕۆژەکانە.
ئەژین غەفار