هەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە، لە بارەگای سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، زاگرۆس فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، وانەیەکی تایبەتی لەژێر ناونیشانی (چۆنیەتیی ڕێکخستنی سیستەمی کارگێڕی و دارایی دامەزراوە) پێشکەش بە قوتابیانی خولی (سەرکردەی گۆڕانکار) کرد.
لە وانەکەدا، بە وردی تیشک خرایە سەر چەند تەوەرێکی سەرەکی و گرنگ، لەوانە، گرنگیی پەیڕەکردنی ئەم سیستەمە لە دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی (حزبی، حکوومی و ڕێکخراوەیی) و چۆنیەتیی کەمکردنەوەی بیرۆکراسیی بەکارخراو و ڕۆڵی سیستەمە نوێیەکان لە پەرەپێدانی شەفافییەت و باشترکردنی کاروباری دامەزراوەکاندا، هەروەها خەسڵەت و سیفاتە سەرەکییەکانی سەرکردە و بەڕێوەبەری سەرکەوتوو، لەگەڵ کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر سەرخستنی سیستەم و گەشەپێدانی دامەزراوەکان.
ئەم خولە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار و لێهاتوو کە بتوانن لە داهاتوودا ڕۆڵی کاریگەر لە بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردنی گۆڕانکارییەکاندا بگێڕن.

