ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری ھەولێر ڕایگەیاند کە بۆ ئەمساڵ سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواو کراون و ھەموو پێداویستی و شوێنێکی گونجاو دابین کراوە بۆ پێشوازیکردن لەو زیارەتکارە ئێرانییانەی کە لە ڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە بەرەو شارەکانی عێراق بەڕێ دەکەون، بەمەبەستی بەشداریکردن لە مەڕاسیمی چلەی ئیمام حوسێن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمساڵ ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، بەڵام بە شێوازێکی باشتر و جیاوازتر، ئامادەکاریی پێشوەختە کراوە. بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیەش، ھەماھەنگییەکی بەھێز لەگەڵ کونسوڵخانە و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا ھەیە بۆ ئەوەی بە چاکترین شێوە خزمەتگوزارییەکانی وەک شوێنی مانەوە و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان پێشکەش بە زیارەتکاران بکرێت.
پارێزگاری ھەولێر جەختیشی کردەوە کە وەک پارێزگای ھەولێر لە تەواوی ئامادەباشیدان و ژمارەی ھاتوان ھەرچەند بێت، ھیچ گرفتێکیان نابێت و دەتوانن پێشوازییەکی شایستەیان لێ بکەن. ھەروەھا ڕوونی کردەوە کە ئەمە یەکەمجار نییە ھەرێمی کوردستان دەرگای خۆی بۆ ئەم مەبەستە دەکاتەوە، بەڵکو لە ساڵانی ڕابردوودا ئەزموونێکی باش لەم بوارەدا بەدەست ھاتووە، کە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی تا کۆتایی سەردانەکەیان، باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت.
بڵند ئیبراھیم