هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی خەڵک، پارێزگار، هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی فریاکەوتنی هەڵەبجە و هەورامان کرد بۆ هەوڵەکانیان لە دۆزینەوەی تەرمی کچە گەشتیارە کەربەلاییەکە، هاوکات سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی کرد و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و گەشتیاران کرد ڕێکارەکانی سەلامەتی لە ناوچە گەشتیارییەکان و سەرچاوەکانی ئاودا توندتر بکەن.
دەقی پەیامی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان:
سوپاس و پێزانینێکی زۆرم بۆ خەڵکی خۆشەویست و جوامێر و مرۆڤدۆستی پارێزگای ھەڵەبجە و ھەورامان ھەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ھەوڵێکی بێ وچان و کۆششێکی بێ وێنەیان کرد لە دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارێکی جوانەمەرگی خەڵکی کەربەلا بە ناوی ڕوقیە، کە ئەمەش ھەرگیز نامۆ نییە بە کولتووری مرۆڤدۆستی و بەخشندەیی خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی دەستخۆشی لە پارێزگاری ھەڵەبجە و ھێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی و ھەموو ئەو خۆبەخش و کەسانە دەکەم ڕۆڵیان لە دۆزینەوەی تەرمەکەدا ھەبوو.
پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو دەکەم و ھاوخەمیانم. خودای مەزن گیانی بە بەھەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییان پێ ببەخشێت.
بە داخەوە لەم ماوەیەدا، ڕووداو و کارەساتی دڵتەزێنی خنکان زۆر بوون، دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت ڕێکار و ڕێنمایی پێویستی سەلامەتی لە شوێنە گەشتیارییەکان توندوڵتر بکەن بە تایبەتی لە نزیک ڕووبار و بەنداو و سەرچاوەکانی ئاو، ھەروەھا داوا و تکا لە ھاووڵاتییان و گەشتیارانی بەڕێز دەکەم کە ئەو ڕێنماییانە لەبەرچاو بگرن و ئاگاداری سەلامەتی خۆیان و کەسوکاریان بن.
نزاکارین لە خودای مەزن کە ھەموو لایەک بپارێزێت.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٦/٦/١٨