ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە ھۆتێل ڕۆتانا کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە نێوان شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرجەم کونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا دۆخی ئێستا و دەستپێشخەرییەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان خرانەڕوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، بە بەشداری ھۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی و ھێمن ھەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ھۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕوونکردنەوەی پێویست لەسەر بارودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان و ھەوڵەکانی تایبەت بە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان درا. ھاوکات شاندی پارتی بە درێژی تیشکی خستەسەر دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە، ھەروەھا شیکردنەوەی ھەڵومەرجی ئێستای عێراق و ھەرێمی کوردستان و ئەو ھەوڵانەی دەدرێن بۆ ئارامکردنەوەی ناوچەکە بە گشتی.
لە کۆتاییدا، ھەڵوێستی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر کۆی پرسەکان بۆ سەرجەم بەشداربووان و نوێنەرانی وڵاتان ڕوونکرایەوە.

