ھەولێر-KDP.info- حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەنێوان ساڵانی (2019 – 2026)، سەدان پرۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوزاریی، بە تێچووی چەندین تریلیۆن دینار، لە سەرتاسەری هەرێم جێبەجێ کردووە.
لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا، 810 پڕۆژەی جۆراوجۆری ڕێگاوبان، بە گوژمەی 1 تریلیۆن و 57 ملیار دینار لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، جێبەجێ کراون. بە هۆى تەواوبوونی ئەم پرۆژانە، 3,055 کیلۆمەتر ڕێگاوبانی نوێ لە هەرێم، دروست کراون و نۆژەن کراونەتەوە.
هاوکات، ئێستا 227 پرۆژەی ستراتیجی لە قۆناغی جێبەجێکردندان. بە تەواوبوونیان 2,239 کیلۆمەتر ڕێگاى نوێ، دروست دەکرێن و نۆژەن دەکرێنەوە، تێچووى ئەم پڕۆژانە، 4 تریلیۆن و 179 ملیار دینارە.
گرنگترین ئەم پرۆژانە بریتین لە:
- دووسایدی کۆڕێ–شەقڵاوە–قەندیل: بە گوژمەی 97 ملیار و 375 ملیۆن دینار (50%ی
کارەکانی تەواو بووە).
- دووسایدی کۆیە – هەولێر: بە گوژمەی 683 ملیار دینار (40%ی کارەکانی تەواو
بووە).
- ڕێگای کەلار–دەربەندیخان: بە گوژمەی 591 ملیار و 860 ملیۆن دینار (30%ی
کارەکانی تەواو بووە).
- دووسایدی دووکان–چوارقوڕنە: بە گوژمەی 260 ملیار و 699 ملیۆن دینار (16%ی
کارەکانی جێبەجێ کراوە).
هاوکات، لەپێناو سەلامەتیی هاتوچۆ و خزمەتگوزارییەکان، بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، لەم ماوەیەدا کارێکی زۆر لەسەر هێما و سەلامەتیی ڕێگاکان کراوە، لەوانە:
- هێڵکاریی 2,723 کیلۆمەتر ڕێگا.
- دانانی 19,342 هێمای هاتوچۆ و 62 کیلۆمەتر پەرژینی پارێزەر.
- دروستکردنی 59 پردی پیادە.
دروستکردن و نۆژەنکردنەوەى ڕێگاکان لە هەرێمی کوردستان، لە سێ سەرچاوەی جیاوازەوە، بودجەى بۆ تەرخان کراوە، کە بریتین لە بودجەی وەبەرهێنان (بۆ پرۆژە گەورەکان)، بودجەی ئاسایی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و تەرخانکردنی 30%ی داهاتی وێستگەکانی کێش بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکان.
ئەم دەستکەوتانە نیشاندەری ئەوەن، سەرەڕای تەنگژە داراییەکان، حکوومەتی هەرێم، کەرتی ڕێگاوبانی وەک "شادەماری گەشەپێدان" کردووەتە لەپێشینەی کارەکانی، بۆ بەستنەوەی بازاڕەکانی هەرێم و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران.
فەرمانگەى میدیا و زانیاری
13 حوزەیران 2026