ھەولێر-KDP. info- ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی حوزەیرانی 2026، بە سەرپەرشتیی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر دوایین سەردانەکەی بۆ بەغدا و ئاماژەی بە گرنگیی گەڵاڵەکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ بەردەوامیدان بە دانوستان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرد، لەمبارەیەوە پێشنیاری هێنانەکایەی دەسەتەیەکی باڵای وەزاریی هاوئاهەنگیی هەمیشەیی بە ئەندامیەتیی وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیدار لە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کرد.
پاشان جێگری سەرۆک وەزیران، باسی لە گرنگیی هێنانەکایەی دەستەکە کرد و ئاماژەی دا کە ئەمە هەنگاوێکە بۆ بە دامەزراوەییکردنی شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کە ڕۆڵی ئەرێنی دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا.
ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەبارەی وردەکاری و میکانیزمی پێکهێنانی دەستەکە، پێشنیارەکەی پەسەند کرد و بڕیار درا ئاراستەی حکومەتی فیدڕاڵ بکرێت بۆ بڕیاری هاوبەشی هەردوو حکومەت.
لە بڕگەی دووەمدا، دوا پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دەرئەنجامی دوا کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ خرایە ڕوو.
وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئەندامانی شاندی دانوستانکار، وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ، جەختی کردەوە لەسەر هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدڕاڵ بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، بۆ بەرەنگاربوونەوە و چارەسەری ئەو ئاڵنگارییە داراییانەی کە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەی ناوچەکە. بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران وەزیری سامانە سروشتییەکان و شاندی دانوستانی ڕاسپارد کە ڕێکارەکان خێراتر بکەن تاوەکوو هەر چی زووە لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، بەرزترین ئاستی هەناردەکردن بۆ بازاڕی جیهانی ئەنجام بدرێت و داهاتی بەدەستهاتووش بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ، هەروەها بەردەوامیدان بە کاری هاوبەش و پێکەوەیی بۆ سەرخستنی هەموو ئەو هەوڵ و دەرفەتانەی دەبنە هۆی زیادکردنی داهاتی فیدڕاڵ.
ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیشی کردەوە کە ئەرکی کۆمپانیا نەوتییەکانیشە، دوای دڵنیاییدانی حکومەتی فیدڕاڵ بە پاراستنی ئاسایشیی کەرتی نەوت و وزەی هەرێم و قەرەبووکردنەوەی زیانی هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوەکانی کەرتی وزەی هەرێم وەک سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ جەختی لێ کردەوە ، دەبێت کۆمپانیا نەوتییەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دەست بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی بکەنەوە.
پاشان ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەبارەی دۆسیەی داهاتە ناوخۆییەکان و بابەتی جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی سیستەمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان و خشتەی داهاتەکان و کاریگەرییەکانی دۆخی ناوچەکە و ئەسیکۆدا لە سەر کەمبوونەوەی بەرچاوی داهاتی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کاریگەری لەسەر مووچە کرد.
لەمبارەیەوە وەزیری دارایی و ئابووری، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا، وردەکاریی داهاتە گشتییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2026 بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو، کە بەراورد بە ساڵی 2025 دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، وەک لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ڕوونکراوەتەوە و لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵ و هەرێم وردبینی دەکرێت. بۆیە داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ کرا کە پێداچوونەوەی پێویست بکات بە بڕی 120 ملیار دیناری دیاریکراو وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ، چونکە بەهۆی جەنگ و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و یەکلایینەبوونەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا، داهاتی مانگانەی هەرێم بە ڕێژەی زیاتر لە 70٪ دابەزیوە.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەسیکۆداش لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە لە نزیکترین دەرفەتدا، ئەنجومەنی وەزاریی فیدڕاڵ بۆ کاروباری ئابووری، لە کۆبوونەوەیەکدا، ئەو لەیەکترگەیشتنە بەراییە پەسەند بکات کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لەنێوان هەردوولا تایبەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە. بە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیەش، داهاتی دەروازە سنوورییەکان زیاد دەکات و جوڵەی بازرگانی بەهێز و چالاک دەبێتەوە و بازاڕ دەبووژێتەوە، کە ئەمەش لە ئەنجامدا لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراقدایە.
10 حوزەیران 2026