Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 28 JUL 2026 18:49 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ئەو ڕۆژەی سلێمانی گەورەترین داستانی خۆڕاگری و وەفاداریی تۆمار کرد
| KDP.info


کاروان محەمەد سینۆ

مێژووی پڕ لە سەروەریی شاری سلێمانی، تەنیا لە کۆست و تراژیدیای خەڵکەکەیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە ناخی هەر کارەساتێکدا، داستانێکی کەمپێوەر لە ملنەدان و وەفاداری بۆ ڕێبازی نەتەوەیی چەکەرە دەکات، ٩ی حوزەیرانی ١٩٦٣، یەکێکە لەو وێستگە گەورانەی کە تێیدا خوێنی سووری لاوانی شار، ڕووبەڕووی ڕەشیی فاشیزمی بەعس بووەوە. لەم ڕاپۆرتە بەدواداچوونەدا، مێژووی ئەو ڕۆژە هەڵدەدەینەوە کە چۆن سلێمانی لەپێناو کەرامەتی سەرکردە و شۆڕشەکەیدا، زیندەبەچاڵبوونی بەسەر ژیانی ژێردەستەیدا هەڵبژارد.

لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا، شاری سلێمانی هەمیشە وەک مەڵبەندی سەرەکیی ڕەتکردنەوەی ستەم و باوەشپیاکردنی شۆڕش و نیشتمانپەروەری ناسراوە. لە نێوان سەرجەم ئەو وێستگە خوێناوییانەی کە ئەم شارە (شاری هەڵمەت و قوربانی) لەپێناو کەرامەتی نیشتمانیدا باجی داوە، کارەساتی ٩ی حوزەیرانی ١٩٦٣ کە لە مێژوودا بە (ڕۆژە ڕەشەکەی سلێمانی) ناسراوە، وەک بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر لەسەر دڕندەیی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و لە هەمان کاتدا وەک سیمبولی وەفاداریی بێپایانی خەڵکی سلێمانی بۆ جەنابی مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەمێنێتەوە. لێرەدا بە پشتبەستن بە بەڵگە مێژووییەکان، پەردە لەسەر چۆنیەتیی ڕوودانی ئەو ڕەشەکوژییە لادەدەین کە تێیدا پتر لە ١٠٠ لاو و پیاوی شۆڕشگێڕی ئەم شارە بە زیندوویی خرانە ژێر خاک.

بەپێی گێڕانەوەی باووباپیرانمان کە شایەدحاڵی عەینیی ڕووداوەکە بوون، سەرلەبەیانی ئەو ڕۆژە شوومە (٩ی حوزەیرانی ١٩٦٣)، دۆخی شاری سلێمانی ئاسایی بووە. هاووڵاتیان وەک نەریتی هەمیشەیی ڕوویان لە مزگەوتەکانی گەڕەکەکەیان کردووە بۆ ئەنجامدان و ڕووکردنە یەزدان، بەڵام بە شێوەیەکی کتوپڕ دەنگ و گیزەی گولە لە چوار لای شارەوە دەبیسترێت.

لیوای ٢٠ی فیرقەی یەکی سوپای عێراق، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی جەلادێکی خوێنڕێژی ناسراو بە ناوی (زەعیم سدیق)، کە پێشتر بە نهێنی خۆی و پیاوەکانی لەناو شاردا حەشاردابوو، دەستڕێژی گولە لە هەر کەسێک دەکەن کە لەسەر شەقامەکان دەبینرێت. دواتر هێزەکان دەست دەکەن بە پشکنینی گەڕەک بە گەڕەک و ماڵ بە ماڵی شار، هەرچی لاو و پیر هەیە ڕاپێچی سەربازگەی حامیەی سلێمانی دەکەن و لە تەویلەی وڵاخەکاندا بەندیان دەکەن. هەر کەسێک لەژێر لێکۆڵینەوەدا وتەیەکی بگوتبێت یان بەربەرەکانی و بەرگری لە خۆی کردبێت، دەستبەجێ گوللەباران کراوە.

لێکۆڵینەوە مێژووییەکان و گەواهیی زیندووی ئەوانەی ئەو کات لەو کارەساتە ڕزگاریان بووە، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر دەسەلمێنن: مەبەستی سەرەکیی زەعیم سدیق و فەرماندەیی فیرقەی یەک تەنیا کوشتن نەبووە، بەڵکو شکاندنی شکۆی نەتەوەیی شۆڕش و شارەکە بووە.

هۆکاری سەرەکیی شەهیدکردنی ئەم هاووڵاتیانە ئەوە بوو کە جەلادەکان مەرجی ئازادکردن و نەکوژرانی دەستگیرکراوەکانیان بەوەوە بەستبووەوە کە قسەی نەشیاو و ناشیرین بە زاتی سەرۆک مەلا مستەفا بارزانی بڵێن.

لێرەدا بوو کە خەڵکی سلێمانی گەورەترین داستانی شەرەف و وەفاداریی تۆمار کرد، تێکۆشەرانی شارەکە کوشتن و زیندەبەچاڵبوونیان هەڵبژارد بەڵام ئامادە نەبوون کڕنۆش بۆ داواکاریی دوژمن و داگیرکەر بەرن.

نەمرانی وەک (نامیق ئاغا، ڕەحیمی عەینەی قەساب، کەمالی حاجی فەرەجی سووسێ، و مامۆستا حاجی باقی) لەگەڵ دەیان لاوی تر، بوونە پێشەنگی ئەو قارەمانانەی لەپێناو ڕێبازی بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول شەهید کران. تا سەعات ١٠ی سەرلەبەیانی ئەو ڕۆژە، پتر لە ١٠٠ تەرمی شەهید لەسەر شەقام و کۆڵانەکان کەوتبوون.

شوێنە سەرەکییەکانی قەتڵوعامەکە، حامیە و یاریگای سلێمانی بوو

بەدواداچوونەکان نیشانی دەدەن کە تاوانەکە تەنیا لەناو حامیەی سلێمانیدا قەتیس نەبووە، بەڵکو چەندین شوێنی تری شارەکەی گرتووەتەوە. جگە لە دۆڵەکەی تەنیشت مزگەوتی کانێسکان، لەو ڕۆژەدا یاریگای سلێمانیش ببووە قەسابخانەیەکی تر بۆ ڕۆڵەکانی کورد. هەر لەوێدا چەندین مامۆستا و کەسایەتیی نیشتمانیی وەک: (مامۆستا یاسین، مامۆستا حەمەبۆر، مامۆستا کاملی حەمەسەعید دارتاش، و مامۆستا ئیسماعیل ئیبراهیم بەلووعەچی) گوللەباران کراون.

ئەوانەی کە دەستبەجێ نەکوژران، کە ژمارەیان پتر لە هەزار لاو و پیر بوو، بۆ ماوەی چەندین مانگ لەناو سەربازگەی حامیەدا لە دۆخێکی مرۆیی ئێجگار خراپدا هێڵرانەوە. چایخانەی حەمە کە لە خوار یاریگاوە بوو، ببووە پاسگەی چەکدارانی ڕژێمی بەعس و ڕێگای هاتوچۆی هاووڵاتیانی لێ بڕرابوو، بەڵام شانە سەرەتاییەکانی پارتی؛ بەردەوام بوون لە خەبات.

لێرەدا تیشک دەخەینە سەر لایەنێکی تری گرنگی پشتبەستن بە خەباتی ژێرزەمینیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو سەردەمەدا. سەرڕای ئەوەی کە زۆربەی ئەندامانی ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان تووشی ئەو ڕەشبگیرییە ببوون، بەڵام ئەو ئەندامانەی کە لە گرتن ڕزگاریان ببوو (وەک جەبار و سالار عەبدولقادر و هاوڕێکانیان)، نەیانهێشت چالاکییەکانی پارتایەتی بوەستن.

شایانی باسە، تەنیا ڕۆژێک دوای کارەساتەکە، بەیاننامە دەستنووسەکانی پارتی لە دەوروبەری باخچەی گشتی و کۆڵانەکانی گەڕەکی عەقاری (نزیک ماڵی شەماڵ سائیب) بڵاوکرانەوە. پەیام و نامە گرنگەکانی شۆڕش لە ناوشارەوە لە ڕێگەی لای چەمی جوولەکانەوە بە فیداکاری و شۆڕشگێڕانە گەیێندرانە ناوچەی سلێمانی لە گوندی (دارا ئاغا) لەوبەری تانجەڕۆ، ئەمەش بەڵگەی ئەوە بوو کە دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێم نەیانتوانیبوو بڕبڕەی پشتی ڕێکخستنەکانی شۆڕشی ئەیلوول و پارتی لەناو شاردا بشکێنن.

دەرئەنجام و کاردانەوەکان، ڕاپەڕین لە دژی جەلاد

پاش چەند مانگێک لە کارەساتەکە، کاتێک ڕاستییەکان ڕوون بوونەوە و دەرکەوت کە پتر لە ١٠٠ لاوی ونبووی شارەکە بە زیندوویی و بە ناهەق لە دۆڵەکەی تەنیشت مزگەوتی کانێسکان و دیوارەکەی حامیەی سلێمانی خراونەتە ژێر خاک، ڕق و بێزاریی خەڵکی سلێمانی و ڕێکخستنەکانی پارتی گەیشتە لووتکە.

لە ڕۆژی دەرهێنانی تەرمە پیرۆزەکاندا، قوتابییان، لاوان و جەماوەری شاری سلێمانی ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانێکی مەزنیان لەبەردەم حامیەی سلێمانیدا ئەنجام دا. سەرەڕای ئەوەی پیاوانی زەعیم سدیق بە توندی ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە و تەقەیان لێ کردن و چەندین کەسیان بریندار و دەستگیر کرد، بەڵام دانیشتووانی سلێمانی پەیامی خۆیان گەیاند کە خوێنی شەهیدانیان و عەشقیان بۆ ڕێبازی بارزانی نەمر بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ کە چەندین ساڵ بەسەر ئەو (ڕۆژە ڕەشە)دا تێپەڕ دەبێت، مێژوو سەلماندی کە جەلادەکان چوونە زبڵدانی مێژووەوە، بەڵام ناوی شەهیدانی سلێمانی و شکۆی شۆڕشی ئەیلوول و ڕێبازی بارزانی، وەک ناسنامەیەکی نەتەوەیی بە بەرزی لە ئاسمانی کوردستاندا دەشەکێتەوە.

هەزار سڵاو لە گیانی شەهیدانی (ڕۆژە ڕەشەکەی سلێمانی) و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، لە سەروویانەوە بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو.

 




دوایین هەواڵەکان

تایبەت KDP. info.. مینحه‌ی زیندانیانی سیاسیی درێژ ده‌كرێته‌وه‌

TUESDAY, 28 JULY 2026 18:07:36

به‌غدا-KDP.info- په‌رله‌مانتارێكی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێ "گواستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی زیندانیانی سیاسیی بۆسه‌ر به‌غدا مینحه‌یان درێژ ده‌كاته‌وە و ساڵی نوێ له‌سه‌ر به‌غدا سوودمه‌ند ده‌بن." 

پەخشان زه‌نگه‌نه‌: هه‌موو دڵسۆزێك له‌گه‌ڵ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌

TUESDAY, 28 JULY 2026 16:07:43

هه‌ولێر-KDP.info- سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد ده‌ڵێ "پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌بێتە هۆی بەهێزکردنی شه‌رعیه‌تی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان، ده‌كرێ كێشه‌كانی دیكه‌ دواتر چاره‌سه‌ر بكرێن."

 
پارتی و یەکێتی لەسەر کاراکردنەوەی ڕێکخراوە پیشەیییەکان گەیشتنە ڕێککەوتن

TUESDAY, 28 JULY 2026 16:07:48

 هەولێر -KDP.info- بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی کاری سەندیکایی و کاراکردنەوەی پرۆسەی دیموکراتی لەنێو ڕێکخراوەکاندا، ڕێکخراوە پیشەیییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بۆردی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان لە شاری هەولێر واژۆ کرد.

 
تایبەت KDP. info..هەولێر ئامادەکاری بۆ گەڕی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران دەکات

TUESDAY, 28 JULY 2026 15:07:29

هەولێر-KDP.info- پڕۆسەی تەرخانکردنی زەوی فەرمانبەران، لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، بە حەوت قۆناغ پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.لەبارەی قۆناغی داهاتووی پڕۆسەکە، سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند "تیمەکان سەرقاڵی ئامادەکارین و لە ئایندەیەکی نزیک گەڕی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەست پێدەکات."

 
فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: بەشداریی کۆبوونەوەکان دەکەین

TUESDAY, 28 JULY 2026 13:07:07

کەرکووک-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بڕیاری خۆی بۆ گەڕانەوە و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکە ڕاگەیاند، هۆکاری ئەم هەنگاوەشی بۆ داواکاریی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان گەڕاندەوە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact