کەریم کاوە
ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادێکی پڕ لە ئازار دەکەینەوە کە ئەویش یادی قوربانیانی یەکێک لە دڕندەترین تاوانەکانی مێژووی ھاوچەرخە، کە ئەویش بۆردوومانکردنی کەمپی "ئاوارەکانی زێوە" بوو لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعسی عێراقەوە لە ٩ی حوزەیرانی ١٩٨٥. بۆردوومانکردنی کەمپی "زێوە" پەڵەیەکی ڕەشە لە مێژووی مرۆڤایەتی دا کە بەھای ویژدانی و یاسایان کەمتر نیە لە کارەساتە بە نێودەوڵەتی ناسێندراوەکانی جینۆسایدی رواندا و ھۆڵۆکۆست و ئەوانی تر، کە تێیدا پەنابەرانی بێتاوان کرانە ئامانج.
ئۆردوگای زێوە دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و دوای خیانەتی پەیماننامەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ بە ھەزاران ئاوارەی باشووری کوردستان وەک پەنابەری مرۆیی تێیدا نیشتەجێبوون. کە بەھۆی زوڵم و زۆرداری، دەربەدەرکردن و کە ئەنجامی جەنگەکانی ڕژێمی بەعس بوو، ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشتبوو و ڕوویان لەو کەمپە کردبوو. لە نێوەڕاستی ڕۆژی ٩ی حوزەیرانی ١٩٨٥دا، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس بە شێوازێکی پلان بۆ داڕێژراو و کتوپڕ، کەمپەکەیان بۆردوومان کرد. لە ئەنجامی ئەم ھێرشەدا، ١٥٠ کەس شەھید بوون و نزیکەی ٣٧٣ کەس بریندار بوون، کە زۆربەی ھەرە زۆریان ژن، منداڵ و بەساڵاچووان بوون. جێگەی ئاماژەیە کەمپی ئاوارەکانی زێوە ٩ جار لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆردومان کراوە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ تاوەکو ١٩٨٨.
کەمپی زێوە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل بوو کە ھیچ جۆرە چالاکییەکی سەربازی تێدا نەبوو. قوربانیانی ئەم کارەساتە ئەو منداڵانە بوون کە لە پارچەیەکی تری خاکی خۆیان بەدوای ئارامیدا دەگەڕان. دیمەنی تێکەڵبوونی خوێنی منداڵان و وێرانبوونی چادر و خانووە قوڕینەکانی پەنابەران، قووڵایی دڕندەیی ھێرشبەران و بێدەنگی ویژدانی مردووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو سەردەمەدا نیشان دەدات. ئەم برینە تا ئێستاش لە ویژدانی گەلی کورد دا زیندووە و سارێژ نەبووە.
لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، ئەم بۆردوومانە وەک "تاوانی جەنگ" و "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" پۆلێن دەکرێت. بەپێی پەیماننامەی جنێف (بەتایبەت پەیماننامەی چوارەمی جنێف ساڵی ١٩٤٩ تایبەت بە پاراستنی کەسانی سڤیل لە کاتی جەنگدا)، و بەپێی کۆنفڕانسی ساڵی ١٩٥١ی تایبەت بە مافەکانی پەنابەران، ھێرشکردنە سەر کەمپی پەنابەران و خەڵکی سڤیل قەدەغەیەکی ڕەھایە. ڕژێمی بەعس بەم ھێرشە، سەرجەم ھێڵە سوورەکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی بەزاند. ئەگەرچی سیستەمی دادوەری نێودەوڵەتی لە کاتی خۆیدا بێدەنگ بوو، بەڵام لە ڕووی مێژوویی و یاساییەوە، ئەم تاوانە ھیچ کات بەسەرناچێت و پێویستە وەک جینۆساید بناسرێت. وەک ئەوەی لە بنەماکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی ھاتووە، لە ھەموو پێکدادانێکی سەربازیدا دەبێت ھەموو لایەنەکان تەنیا پێگە سەربازییەکان بکەنە ئامانج، نابێت خەڵکی سڤیل، چ وەک گروپ و وەک تاکە کەس بکرێنە ئامانج.
پەلاماردانی ئۆردوگای زێوە بە تاوانی جەنگ ھەژمار دەکرێت، ھەر لەسەر بنەمای ئەو یاسا نێودەڵەتییەوە، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکیدا لەبارەی ئەو تاوانە دەڵێ: کارەساتی زێوە یەکێکە لە لاپەڕە ڕەشەکانی مێژووی دەوڵەتی عێراق و ھیچ کاتێک لە یاد ناچێت. واتە بەرپرسیارەتییەکە لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراقە، چونکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و پێناسەی بە تاوان ناساندنی کردەوەکە، ئەوەی دەرھەق بە ئۆردوگای زێوە کراوە، ھەردوو ڕەگەزی سەرەکی بەتاوان ناساندنی تێدایە کە تێیدا ھاتووە:
یەکەم، تاوانەکە دەرھەق بە کەسانێک کرابێت، کە ڕۆڵ و بەشدارییەکی ڕاستەوخۆیان لە جەنگ و وردەکاریەکانیدا نەبووبێت.
دووەم، جەنگ کرابێتە بیانوو بۆ پەلاماردانی ھاوڵاتیانی سڤیل، بە مانایەکی تر، ئەگەر تاوانەکە وەک فشار بەکار بێت بۆ تەواوکردنی مەبەست و مەرامی لایەنێکی بەشدار وەک ئامرازێکی جەنگی.
زۆر گرنگە کە ناوەندە ئەکادیمی، میدیایی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دۆسیەی بۆردوومانی زێوە وەک بەشێک لە زنجیرە تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کورد بە زیندوویی بھێڵنەوە. ھێماکردن بۆ ئەم تاوانانە، تەنیا بۆ گێڕانەوەی مێژوو نییە، بەڵکو بۆ ڕێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی دژ بە پەنابەران و مرۆڤایەتی لە ھەر شوێنێکی ئەم جیھانە بێت.
ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان دووپاتی دەکەینەوە کە خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان بە ئەرکی پیرۆزی خۆمان دەزانین. ئەرکی ھەمووانە، بە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کە باشترین خزمەتی کەسوکاری شەھیدان بکرێت، و ھەروەھا مێژووی ئەم تاوانانە بە زیندوویی بھێڵینەوە تا نەوەکانی داھاتوومان بزانن دۆزی گەلەکەمان چەندە ڕەوا بووە و چ قوربانییەکی گەورە لەپێناو ئەم قەوارە و ئازادییەی ئەمڕۆدا دراوە، گەلی کورد خاوەنی ئیرادەیەکی بەھێزە کە سەرەڕای ئەم ھەموو زوڵم و تاوانەی بەرامبەری ئەنجام دراوە تاوەکو ئێستا ماوە و ھەر دەمێنێت.
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران