هەولێر-KDP.info- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە جموجۆڵێکی خێرا هەیە بۆ ئەوەی لەمساڵدا زۆرترین ڕێژەی زەوی بەسەر فەرمانبەران و شایستەبوواندا دابەش بکرێت، کە تا ئێستا نزیکەی 500 هەزار کەس مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە.
سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پێش جەژنی قوربان، وەزیری شارەوانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ سەرجەم شارەوانییەکان ئەنجامدا و تێیدا ڕێنمایی توندی دا کە پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی خێرا بکرێت. ئێستا ڕێکارەکان بە باشی دەچنە پێشەوە و وەزارەت بەردەوام داوای ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی کارەکان دەکات."
سەربەست مەولود گوتیشی، "پڕۆسەی ئامادەکردنی زەوییەکان لە شار و پارێزگاکانی هەرێم بەم شێوەیە دابەش بووە، هەولێر: ۷۱ هەزار پارچە زەوی ئامادەکراوە، سلێمانی: ۲۳ هەزار پارچە زەوی ئامادەکراوە، دهۆک: پڕۆسەکە بە خێراییەکی زۆرەوە کارەکاتی تێدا دەکرێت بۆ دیاریکردنی زەوییەکان.
پەیوەست بە چارەنووسی فەرمانبەرانی گرێبەست و وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەبەری یاسایی وەزارەتی شارەوانی گوتی، "دوای فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گرتنەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی، مۆڵەتی یەک مانگ بە سەرجەم وەزارەتەکان دراوە بۆ ناردنی ناوی فەرمانبەرانی گرێبەستیان. دوای گەیشتنی ناوەکان، وەزارەتی شارەوانی وردبینییان تێدا دەکات و دەیاننێرێت بۆ ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی پەسەندکردنی کۆتایی و تا ئێستاش وەزارەتی پێشمەرگە ۲ هەزار ناوی نوێی ڕەوانەی وەزارەتی شارەوانی کردووە. ئەم ناوانە لەگەڵ ئەو ناوانەی بە تاک لە وەزارەتەکانی دیکەوە دێن، دوای وردبینیکردن ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێن بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی کۆتایی و ناردنیان بۆ شارەوانییەکان بە مەبەستی دابەشکردنیان.
بڵند ئیبراهیم