Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
MON, 8 JUN 2026 20:54 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

بەری لەخۆباییبوون لە درۆ کورتترە
| KDP.info


چاودێرێک

پێرێ، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە میانی مداخلەی پەنێڵێکدا لە سلێمانی، دیسان خەڵکی کوردستان لە هەر پێشوەچوونێکی پڕۆسەی سیاسیی کوردستان بێ ئومێد کردەوە. حوکمدان لەسەر وەهمی خۆبەگەورەزانین و ئیدیعای ناوبژیوانیی نێوان زلهێزەکانی دنیا و ئەمەریکا و ئێران و گوایە ئەوان دەتوانن ڕۆڵی دەوڵەتێکی دووسەد ملیۆنی و ئەتۆمی وەک پاکستان بگێڕن بۆ خەڵکی کوردستان جێدەهێڵین.

ڕاست و دروستیی ئیدیعاکانیشی سەبارەت بە پەیوەندیی باشی لەگەڵ خەڵکی سلێمانی و گەنجانی ئەو شارە، لێدەگەڕێین خەڵکی سلێمانی وەڵامی بدەنەوە و خەڵکی سلێمانیش ئەوەندە زاکیرەی کورت نیە ڕووداوەکانی سلێمانی لەبیرکردبێت.

لەو چەند دێڕەدا بە کورتی لەسەر سێ خاڵی تایبەت بە هۆکاری پێکنەهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان هەڵوەستەیەک دەکەین. جارێ ئەو تانەیەی کە لە سەرکردایەتیی پارتیدا گوایە ئاگایان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دونیا نییە)، گەر مانایەکی هەبێت ئەوەیە کە فیعلەن خۆی و چواردەورەکەی بێئاگان لە مێژووی پارتی لە بواری خەباتی پێشمەرگایەتی و سیاسیشدا، بە کورتی، خەڵکی کوردستان و ڕەنگە زۆربەی یەکێتییەکانیش لە دڵی خۆشیاندا بێت، شایەتی بۆ پارتی دەدەن کە ئەو هێمنی و سەقامگیرییە نیسبییەی لە پاش ڕاپەڕینەوە لە کوردستاندا هەبووە و هەیە، پشکی شێری بەر دانایی پارتی و دانبەخۆداگرتن و هەست بە بەرپرسیاریی سەرکردایەتیی پارتی و جەماوەرەکەی دەکەوێت. دەنا، گەر چارەنووسی کوردستان بە دەست خەڵکانێکی دیکەوە بایە، خەڵکی کوردستان دوو ڕێگەیان لەبەردەمدا بوو کە سێیەمیان نییە، یان شەڕ و ماڵوێرانی، یان تەسلیمبوون و فرۆشتنی کوردستان بە خاک و خەڵکەوە.

سەرۆکی یەکێتی، باسی تەعامولکردنێکی (نوێ) دەکات لەگەڵ بەغدا! یەکەم تەعامولکردن دەبێت دووسەرە بێت دەنا سەردەکێشێت بۆ تەسلیمبوون کە خەڵکی کوردستان فێری ئەمیان نین، دوای ئەوە هەموو خەڵکی کوردستان ئاگادارن هەر کاتێک گەر بەغدا هەنگاوێکی باش بنێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەک بە پیرییەوە چووە، بەڵکو دوو هەنگاوی باشی ناوە تا پەیوەندیی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لە بەرژەوەندیی کوردستان و عێراق بچێتە پێش، وەک ئەوەی ئێستا هەیە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی نوێی عێراقدا. لەوەش زیاتر، چۆنیەتیی پەیوەندییەکانی کوردستان و عێراقی فیدراڵی، دەستووری عێراق ڕەنگڕێژی کردووە و ماف و ئەرکی هەردوولای بە ڕوونی دیاریکردووە، سەیر ئەوەیە، سەرۆکی حزبێکی کوردستانی، تەنیا و تەنیا خەڵکی کوردستان و حکوومەتەکەی بە بەرپرسیاری کێشەکان بزانێت و پەرێزی لایەکەی دیکە پاک بکاتەوە و بەهانە بۆ ئەو هەموو غەدرە بێنێتەوە کە حکوومەتەکانی پێشووی عێراق لە خەڵکی کوردستانیان کردووە.

کاتێک هاتە سەر هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی کوردستانیش، وەک عادەتی هەمیشەیی، ناهەقییەکی زۆری کرد. ئاخر لە کوردستاندا هەڵبژاردن کرا و زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەنگیان بە پارتی و بەردەوامیی حوکمڕانیی پارتی دا کە ڕوون و دیاربوو پرۆژە خزمەتگوزارییە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی ڕێزدار مەسروور بارزانی یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو سەرکەوتنە گەورەی پارتی بوون، ئیدی بە چ حیسابێک ئەو دەڵێت (کەس لەم حکوومەتە ڕازی نییە)!! مەگەر زۆرینەی خەڵکی کوردستانی پێ (کەس) نییە؟!! ئەدی هەڵبژاردن بۆچی دەکرێت؟ دواجار بە لە خۆباییبوونێکی سەیرەوە دەڵێت: (ناچینە نێو حکوومەتێکەوە کە هاوشێوەی حکوومەتی پێشوو بێت). لە کاتێکدا، خۆیان بەشێکن لەو حکوومەتە و لە باسی دەستکەوتەکاندا، لە هەموو کەس زیاتر خۆیان بە دەستکەوتەکانەوە بادەدەن.

لە کۆتاییدا دەڵێین: توانای سیاسی و ئیدارەدانی ململانێ، بە ئیدیعا و خۆبادان نییە، بە کردارە. لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا هیچ کەس هێندەی پارتی پەرۆشی گفتوگۆ و پشوودرێژ نییە. حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستانیش هەر دەبێت بە شێوازێک پێکبێت تەعبیر لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بکات، نەک مەزاجی ئەم و ئەو، یان بەرژەوەندیی حزبێک یان تاقمێک. بەری لەخۆباییبوونیش لە درۆ کورتترە.




دوایین هەواڵەکان

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەرەخۆشی لە ماڵباتی (ھەڵکەوت عەزیز) دەکات

MONDAY, 08 JUNE 2026 19:06:00

ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ کۆچی دوایی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ڕووداو (ھەڵکەوت عەزیز)، سەرەخۆشی لە خانەوادەکەیان دەکات.

 

پەیامی هاوخەمیی بارەگای بارزانی بۆ کۆچی دوایی ڕۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز

MONDAY, 08 JUNE 2026 19:06:21

ھەولێر-KDP.info-   بارەگای بارزانی بۆ کۆچی دوایی ڕۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز پەیامێکی ھاوخەمیی راگەیاند.

مەسروور بارزانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەڵکەوت عەزیز دەکات

MONDAY, 08 JUNE 2026 18:06:27

ھەولێر-KDP. info-  مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ کۆچی دوایی ڕۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی ڕووداو لە بەغدا پەیامێکی ھاوخەمیی راگەیاند .

شارەوانی هەڵەبجە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی پارێزگاکە دابەش كرد

MONDAY, 08 JUNE 2026 17:06:19

ھەڵەبجە-KDP. info-  لە چوارچێوەی فەرمان و بڕیارەكانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی، بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران و خانەنشینان، ئەمرۆ لە پارێزگای هەڵەبجە 198 پارچە زەوی دابەشكر، لە ڕۆژانی ئایندەش پڕۆسەكە بەردەوام دەبێت. 

 

 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەڵکەوت عەزیز دەکات

MONDAY, 08 JUNE 2026 17:06:08

ھەولێر-KDP. info-  نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ کۆچی دوایی میدیاکار و بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیاییی ڕووداو لە بەغدا، پەیامێکی ھاوخەمیی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتیی: 

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact