زاخۆ-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێ، ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ چوارەمین فێستیڤاڵی شەڵ و شەپک کە بڕیارە لە ١٠ـی ئەم مانگەدا لە زاخۆ دەست پێ بکات، گوهدار شێخۆ ئاشکراشی دەکات کە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، جگە لە هەر چوار پارچەی کوردستان، چەندین گرووپی بیانی و نێودەوڵەتیش بەشداری تێدا دەکەن، چونکە ئامانجمانە لە ئایندەدا فێستیڤاڵەکە بکەینە کەرنەڤاڵێکی نێودەوڵەتی.
گوهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ''ئەمساڵ فێستیڤاڵی شاڵ و شەپک لە زاخۆ جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو بەڕێوە دەچێت و جگە لە گرووپی ناوخۆیی و پارچەکانی تری کوردستان، گرووپی نێودەوڵەتیش بەشداریی تێدا دەکەن، چونکە ئامانجمانە لە داهاتوودا بیکەینە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی.
گوهدار شێخۆ گوتی، ''فێستیڤاڵی شاڵ و شەپک ساڵانە لە زاخۆ ساز دەکرێت و بۆ ئەمساڵیش ئامادەکاریی تەواو کراوە. بڕیارە لە ١٠ی ئەم مانگەدا دەست پێ بکات و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت. ئەمە چوارەمین ساڵە لەسەریەک ئەم فێستیڤاڵە دەکرێت، ئەمجارەش بەهۆی بارودۆخی جیاجیاوە بۆ ماوەی مانگێک دواخرا، بەڵام ئامادەکاریی زۆر باشی بۆ کراوە و ئەمساڵ چەندین گرووپی بیانیش بەشداریی تێدا دەکەن، پلانمان هەیە لە ئایندەدا بکرێتە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی گەورە.
گوهدار شێخۆ گوتیشی، ''کلتوور، زمان و جلوبەرگ لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە بەهێزی بە یەکەوە گرێدراون، ئەمساڵ گرووپی نێودەوڵەتیش بەشدار دەبن، ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ خەڵک و گەنجانی ئێمە تا ڕەسەنایەتی، زمان و کلتووری خۆیان بپارێزن. هاوکات هانی خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان دەدەین کە سەردانی زاخۆ بکەن، چونکە فێستیڤاڵەکە بڕگەی زۆر خۆشی هونەری و نیشاندانی جلوبەرگی کوردیی تێدایە و کەشێکی تایبەتی فۆلکلۆری بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە زاخۆ دەخوڵقێنین.
بڵند ئیبراهیم