هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگەوە و بە سەرپەرشتیی کوردستان فاوندەیشن، ئەمڕۆ هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوە و ژینگەپارێزی لە بەنداوی گۆمەسپان بەڕێوە دەچێت، دکتۆر هێمن میرانی ئاماژە بەوە دەکات کە سەرجەم هێز و تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ بە هاوکاریی وەزارەتەکانی شارەوانی و تەندروستی لەم هەڵمەتەدا بەشدارن و ئامانجی سەرەکیش بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی پاراستنی شوێنە گەشتیارییەکانە لەلایەن هاووڵاتیانەوە.
دکتۆر هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ''بە سەرپەرشتیی کوردستان فاوندەیشن و بەشداریی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و شارەوانی، وەزارەتی ناوخۆ بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگەوە، ئەمڕۆ هەڵمەتێکی فراوانی ژینگەپارێزی لە بەنداوی گۆمەسپان ئەنجام دەدات.
دکتۆر هێمن میرانی گوتیشی، ''بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگەوە، ئەمڕۆ هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوەی بەشێک لە ژینگەی هەولێر، بەتایبەت پاککردنەوەی شوێنی گەشتیاریی بەنداوی گۆمەسپان دەست پێ دەکات. وەک یەکێک لە چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانیی ژینگە، ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتیی کوردستان فاوندەیشن و بەشداریی تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ وەک پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، پۆلیسی بەرگریی شارستانی، خۆبەخشانی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC)، پاسەوانی سنوور و فەرمانبەرانی مەدەنی بەڕێوە دەچێت. هاوکات وەزارەتەکانی شارەوانی و تەندروستی وەک پاڵپشتی لە ڕێگەی دابینکردنی ئامێر، کارمەند، ئەمبووڵانس و ئۆتۆمبێلی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لەگەڵ خۆبەخشانی کوردستان فاوندەیشن لە هەڵمەتەکەدا بەشدارن.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ گوتیشی، ''ئەو هەڵمەتە لە نێو و نزیك بەنداوی گۆمەسپان بەڕێوە دەچێت کە ڕۆژانە فشارێکی زۆری گەشتیاریی لەسەرە، ئامانجیش لێی ئەوەیە بە خەڵک بڵێین هەموو ڕۆژێک ڕۆژی پاک ڕاگرتنی ژینگەیە و پێویستە هەمووان ئەو شوێنانە بپارێزن کە وەک هاووڵاتی و گەشتیار بۆ پشووی کۆتایی هەفتە و بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی دەکەن، چونکە ئەگەر خۆمان پاکی ڕانەگرین دەبێتە زبڵخانە و سیما گەشتیارییەکەی نامێنێت. بۆیە پاراستنی ژینگە تەنیا کار و بەرپرسیارێتیی یەک تیم نییە، بەڵکو ئەرکی هەموومانە شوێنە گەشتیارییەکان بپارێزین، خاشاک کۆبکەینەوە و لەگەڵ خۆمان بیبەمەوە.
بڵند ئیبراهیم