دهۆک-KDP.info- د. شیرین حوسنی، بەرپرسی بەشی ڕێکخستن لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاند، "بە نوێنەرایەتی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەشدار بووین لە پێشانگای هاوبەشی پەیمانگەكانی ڕەند بۆ پڕۆژە داهێنەرەکانی قوتابییان، کە لەژێر دروشمی بە (زانست و هێزی گەنجان وڵات بنیاد دەنێین) ڕێکخرابوو. ئەم پێشانگایە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی، حزبی و کارگێڕی پەیمانگەکان کرایەوە، کە تێیدا نزیکەی ٥٠ پڕۆژەی جیاوازی قوتابییان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نمایش کران."
بەرپرسی بەشی ڕێکخستن ئاماژەی بەوە کرد، "پێشخستن و برەودان بە توانایی و ئیرادەی لاوان و قوتابییان، یەکێکە لە کارنامە و ئاراستە سەرەکییەکانی مەکتەبی ڕێکخستن، چونکە ئەم نەوەیە بە زانست و داهێنانەکانی خۆیان دەبنە بنەمای بنیادنانی پاشەڕۆژێکی گەشتر بۆ وڵات."

د. شیرین حوسنی تیشکی خستە سەر ئەو چەندە و گوتی، "ئەو پڕۆژە و داهێنانانەی لەم پێشانگایەدا نمایش کراون، بەڵگەیەکی ڕوونن لەسەر بوونی وزە و توانایەکی مەزن لە ناخی گەنجانی ئێمەدا، و ئەرکی هەموومانیشە کە دەرگای دەرفەتەکان لەبەردەمیاندا بکەینەوە تا پەرە بە داهێنانەکانی خۆیان بدەن."
د. شیرین حوسنی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی جەختی کردەوە کە، "پشتیوانیکردنی بەردەوامی قوتابییان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، هێز و پاڵنەرێکی مەزن بەوان دەبەخشێت تا لە کاروانی زانستی و داهێناندا بەردەوام بن، و پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەمیشە ڕێزگرتن و پشتیوانی خۆی بۆ تواناکانی لاوان دووپات دەکاتەوە."

ئەژین غەفار