هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات کە بۆ بودجەی ئەمساڵی عێراق سێ ڕێگە هەیە و بەهێزترینیان ئەوەیە عێراق ئەمساڵ بێ بودجە بێت و کار بە سیستەمی یەک لەسەر دوازدە بکرێت. هاوکات دڵنیایی دەدات کە لە هەر سێ ڕێگەکەدا هیچ مەترسییەک بۆ سەر مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست نابێت.
د. سیپان عەزیز، پەرلەمانتاری عێراق و پسپۆڕی ئابووری، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "بەدووری دەبینم ئەمساڵ عێراق بودجەی هەبێت. عێراق بۆ ئیدارەدانی مەلەفی دارایی لەو حەوت مانگەی کە لەمساڵدا ماون، سێ ڕێگەی لەبەردەمدایە:"
ڕێگای یەکەم (کە بەهێزترینە) کارکردنە بە ماددەی ١٣ی یاسای ئیدارەی دارایی، کە تێیدا خەرجییە بەردەوام و تەشغیلییەکان بە شێوازی (یەک لەسەر دوازدە)ی بودجەی ساڵی ڕابردوو خەرج دەکرێن.
ڕێگەی دووەم: پەسەندکردنی بودجەیەک بۆ حەوت مانگی داهاتوو، بەڵام ئەمە بەهۆی دۆخی ئێستا و پێویستی بە ڕێکاری زۆر، کارێکی قورسە و بە ئاسانی لە پەرلەماندا بەهۆی موزایەدەی سیاسییەوە تێپەڕ نابێت.
ڕێگەی سێیەمیش: پەسەندکردنی یاسایەکی هاوشێوەی ساڵی ٢٠٢٢، کە تێیدا تەنیا بودجەیەکی دیاریکراو بۆ بەڕێکردنی خەرجییە پێویستەکان دیاری بکرێت.
د. سیپان عەزیز ئاماژەی بەوەش کرد، "تا ئێستا حکوومەتی عێراق بەهۆی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێوە هیچ بڕیارێکی نەداوە، بۆیە ئەستەمە ئەمساڵ یاسای بودجە هەبێت و بەدووری نازانم دۆخەکە بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت."
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "لە هەر سێ حاڵەتەکەدا، بەغدا بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی بەردەوام دەبێت لە ڕەوانەکردنی پارەی مووچە، و لەڕووی یاساییەوە هیچ گرفتێک بۆ مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست نابێت."
بڵند ئیبراهیم