Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 4 JUN 2026 20:41 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سەرۆکی حکوومەت: بەڵێنمان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق وەرگرتووە کە مووچە تێکەڵ بە پرسەکانی دیکە نەکرێت
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەردانەکەیان بۆ بەغدا بە مەبەستی پشتیوانیکردن بووە لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوولا لەسەر بنەمای دەستوور.

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە پیرمام، دەرەنجامی سەردان و گفتوگۆکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی و دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەی خستەڕوو.

پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا، قۆناغێکی نوێ

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد کە سەردانی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا لەسەر چەند پرسێکی گرنگ بووە، لە سەروویانەوە پرسی نەوت و مووچەی فەرمانبەران. ڕایگەیاند: "لایەنە عێراقییەکان خواستی ئەوەیان ھەیە لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکاندا بکەینەوە و ئێمەش ھەمیشە بەشێک بووین لە چارەسەری کێشەکان نەک دروستکردنیان."

دڵنیایی لەبارەی مووچە و ئیدارەدانی قەیرانەکان

مەسروور بارزانی مژدەی بە مووچەخۆران دا و ڕایگەیاند: "بەڵێنمان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق وەرگرتووە کە مووچە تێکەڵ بە پرسەکانی دیکە نەکرێت و دوانەکەوێت." ھەروەھا جەختی کردەوە کە حکوومەتی ھەرێم سەرەڕای ئاستەنگەکان، توانیویەتی بە سەرکەوتوویی ئیدارەی قەیرانی مووچە بکات و ئێستاش ھەوڵی جدی ھەیە بۆ ئەوەی ئەم دۆخە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت.

پرسی نەوت و ئابووری ھەرێمی کوردستان

سەبارەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوت، سەرۆکی حکوومەت ئاشکرای کرد کە شاندێکی تەکنیکییان ناردووەتە بەغدا و گفتوگۆ لەسەر زیادکردنی ھەناردەی نەوت کراوە. گوتیشی: "چاوەڕێ دەکەین لە نزیکترین کاتدا ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەستپێ بکاتەوە." مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا کە لە ڕابردوودا "ھەوڵێکی جدی ھەبوو بۆ لاوازکردنی ئابووری کوردستان"، بەڵام ھەرێم توانیویەتی خۆڕاگر بێت.

ئەزموونی سەرکەوتووی ھەرێم لە کەرتی کارەبا

سەرۆکی حکوومەت باسی لە پەرەپێدانی کەرتی خزمەتگوزاری کرد و ڕایگەیاند کە ھەرێمی کوردستان لە بواری وزەدا پێشکەوتنی گەورەی بەدەستھێناوە، بە جۆرێک کە "ئەزموونێکی سەرکەوتمان لە بواری کارەبا ھەیە و بڕیارمان داوە دوو مێگاوات کارەبا بدەینە عێراق" بۆ ھاوکاریکردنی تۆڕی نیشتمانیی وڵات.

دامەزراوە نیشتمانییەکان و یەکڕیزیی ناوخۆیی

لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکی حکوومەت جەختی لە پاراستنی دامەزراوە دەستوورییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: "پەرلەمان موڵکی ھیچ حزبێک نییە و ھی ھەموو گەلی کوردستانە." ھەروەھا داوای لە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم کرد کە بەرژەوەندییە باڵاکان لەبەرچاو بگرن و بە دەم دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانییەوە بچن، چونکە ھەنگاوەکانی حکوومەت "لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی بووە بۆ بەرژەوەندی باڵای نیشتمان نەک بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبی."

سەروەریی یاسا و دۆخی ئەمنی

مەسروور بارزانی ڕایگەیاند کە ھەر وڵاتێک یاسا تێیدا سەروەر بێت، بەرەو سەرکەوتن دەچێت. سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکانیش گوتی: "ھەر بڕیارێک تایبەت بێت بە دانانی چەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، ئێمە لەگەڵین و ئەوە لە قازانجی عێراقدایە." ھۆشداریشی دا کە قسەی نابەرپرسانە لە ناوخۆدا کێشەی خەڵک چارەسەر ناکات.

کاریگەرییە ھەرێمییەکان

لەکۆتاییدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە جیھان بە گشتی و عێراق بەتایبەتی، کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا ھەن، بەڵام جەختی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی میانڕەوی و پاراستنی سەقامگیری.




دوایین هەواڵەکان

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و باڵیۆزی تورکیا دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

THURSDAY, 04 JUNE 2026 14:06:13

ھەولێر-KDP.info-  نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/6/4، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

 
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی توركیا لە عێراق دەكات

THURSDAY, 04 JUNE 2026 14:06:03

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژی پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026 سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئانڵ بۆرا ئینان باڵیۆزی توركیا لە عێراق كرد.

 
سەرۆکی حکوومەت پێشوازیی لە باڵیۆزی تورکیا دەکات

THURSDAY, 04 JUNE 2026 13:06:00

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبووەوە، لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و عێراق لە ڕێگەی بەندەری جەیهان کرایەوە و هەردوولا خواستی خۆیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان نیشان دا.

 
بەرپرسی لقی ٩ بۆ KDP.info: بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ گەیاندنی داواکارییەکانی خەڵک بە حکوومەت

THURSDAY, 04 JUNE 2026 11:06:00

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، تەواوی داواکاری و پێداویستییەکانی خەڵکی ناوچەکەیان گەیاندووەتە لایەنی پەیوەندیدار لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان. مژدەی ئەوەش دەدات کە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئاو و ڕێگەوبان لە قەزای بەردەڕەش بەردەوامن و ئەوانەی وەستابوون دەست پێدەکەنەوە.

بە پاڵپشتی سەرۆکی حکوومەت هۆڵەکانی یاد و پرسە لە ناوچەکانی ئێزدیان نۆژەن دەکرێنەوە

THURSDAY, 04 JUNE 2026 11:06:00

ھەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکان، بنکەی لالش بە پاڵپشتیی دارایی و ڕاستەوخۆی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەستی بە پڕۆژەیەکی بەرفراوان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی ھۆڵەکانی پرسە و یادەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ئێزدیان.

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact