هەولێر-KDP.info- بەڕێوبەری بەبازاڕکردنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ ناساندنی گوندێکی گەشتیاریی جیهانی لە هەرێم تەواو بوون و دڵنیایی دەدەن لەوەی هاوشێوەی دەستکەوتەکانی پێشوو، کوردستان ئەم نازناوە نێودەوڵەتییەش بەدەستدەهێنێت.
سیروان تۆفیق، بەڕێوبەری بەبازاڕکردنی دەستەی گەشتوگوزار، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "بە هەماهەنگی لەنێوان دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و عێراق، سێ ناوچەی کوردستان پێشنیار کراون بۆ بەدەستهێنانی نازناوی (گوندی گەشتیاریی جیهانی) کە ساڵانە لەلایەن ڕێکخراوی گەشتیاریی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UN Tourism) دیاری دەکرێن."
سیروان تۆفیق گوتی، "ناوچە بەربژێرەکانی هەرێمی کوردستانیش گوندی هرورێ لە پارێزگای دهۆک، قەزای ڕواندز لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناحیەی بیارە لە پارێزگای هەڵەبجە.
بەرپرسەکەی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش کرد، ماوەی دوو ساڵە سەرقاڵی کۆکردنەوەی داتا و ئامادەکردنی دۆسیەی ئەم شوێنانەن. ڕوونیشی کردەوە کە مەرجەکانی ڕێکخراوی جیهانی بۆ وەرگرتنی ئەم نازناوە بریتین لە بوونی ڕەهەندی گەشتیاری و شوێنەواری، پاراستنی دابونەریت و کولتوور، گەشەپێدانی کاری دەستی، لەگەڵ نزیکیی ناوچەکە لە خزمەتگوزارییەکانی شارەوە.
سیروان تۆفیق گوتیشی: "ئەم نازناوە گرنگییەکی گەورەی لە ڕووی بەبازاڕکردنی گەشتیارییەوە دەبێت و سەرنجی گەشتیارانی بیانی زیاتر ڕادەکێشێت، بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان خاوەن سەقامگیرییەکی ئەمنیی بەهێزە و ژینگەیەکی لەباری بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران هەیە."
لە کۆتاییدا ناوبراو گەشبینی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند، بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکان کارەکانی خۆیان ڕاپەڕاندووە و دۆسیەکان لە ڕێگەی حکوومەتی فیدراڵییەوە ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کراون بۆ بڕیاردانی کۆتایی.
بڵند ئیبراهیم