هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی پەنجا و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و سەرکردایەتی و جەماوەری ئەو حیزبە دەکات و تێیدا جەخت لەسەر یەکڕیزیی نیشتمانی و بەرپرسیارێتیی هاوبەش دەکاتەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
به‌ڕێز بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى
سه‌رۆكى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان
سڵاو و ڕێز..
له ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، به گه‌رمى پیرۆزبایى لە بەڕێزتان و سەرکردایەتی و ئەندامان و تەواوی جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. لەم یادەدا پێگەی مێژوویی و خه‌بات و تێکۆشانی خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال بەرز دەنرخێنین و به ڕێزه‌وه یادى ده‌كه‌ینه‌وه.
یەکێتی كه مێژوویه‌كى درێژى خه‌باتى له‌پێناو مافه‌كانى گه‌لى كوردستاندا هه‌یه و له‌م ڕێگه‌یه‌دا به هه‌زاران شه‌هیدى داوه، هەمیشە خاوەن پێگەیەکی گرنگ و کاریگەر بووە لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراقدا. لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە كه زیاتر لە هه‌موو كاتێك بەرپرسیاریه‌تیی هاوبەش، تەبایی و کاری پێکەوەیی لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکاندا پێویسته، تا پێکەوە بتوانین پارێزگاری لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مافەکانی گەلى كوردستان بکەین.
هیواخوازم ئەم بۆنەیە ببێتە دەرفەتێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و باڵادەستکردنی زمانی گفتوگۆ و لێکگەیشتن لەپێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، سەقامگیری، گەشەپێدان و داهاتوویەکی باشتر و شایستە بۆ گەلی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/6/1