هه‌ولێر-KDP.info- بریكاری وه‌زاره‌تی پلاندانان ده‌ڵێ "له داھاتوویەکی نزیكدا ڕووپێوێك له‌باره‌ی دیاریكردنی ڕێژه‌ی بێكاری له هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت و به‌شێوه‌یه‌كی زانستی ڕێژه‌ی بێكاری و هێزی كار دیاری ده‌كرێت."
سیروان محه‌مه‌د، بریكاری وه‌زاره‌تی پلاندانان به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "كۆتا ڕووپێو له‌باره‌ی بێكاری له ساڵی 2021 ئه‌نجام دراوه و تێیدا ڕێژه‌ی بێكاری و هێزی كار له هه‌رێمی كوردستان دیاری كراوه، ئێستا وه‌زاره‌تی پلاندانان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی گشتی ئامار له هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی كاری جیهانی خه‌ریكی ئاماده‌كارین بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ڕووپێوێكی دیكه له‌باره‌ی هێزی كار له هه‌رێمی كوردستان."
بریكاری وه‌زاره‌تی پلاندانان ده‌شڵێت "مه‌به‌ست له ڕووپێوه‌كه دیاریكردنی ڕێژه‌ی بێكارییه له هه‌رێمی كوردستان، ئاماده‌كارییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته قۆناغی كۆتایی، ئه‌گه‌ر هیچ كێشه و ئاسته‌نگێك دروست نه‌بێت له ئاینده‌یه‌كی نزیك ئه‌نجام ده‌درێت."
سیروان محه‌مه‌د ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "ئێمه كار له‌سه‌ر پێشبینی بۆ دیاركردنی هیچ ئامارێك ناكه‌ین، به‌ڵكوو ده‌مانه‌وێ به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و به‌گوێره‌ی پێوه‌ره جیهانییه‌كان ڕێژه‌ی بێكاری دیاری بكرێت، وه‌زاره‌تی پلاندانان و ده‌سته‌ی گشتی ئامار به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه به‌شێوه‌یه‌كی زانستی ئاماره‌كان بخاته ڕوو، له‌و ڕووپێویه‌ی بڕیاره به‌ڕێوه‌بچێت بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ڕێژه‌ی بێكاری له هه‌رێمی كوردستان چەندە و چۆنە."
قائید میرۆ