دهۆک-KDP.info- قایمقامی قەزای دهۆک دەڵێت، ماستەرپلانی گەشتیاریی چیای زاوا تەواو بووە و پڕۆژەی گەورەی تێدا جێبەجێ دەکرێت، هاوکات ئاشکرای دەکات کە پڕۆژەی نوێکردنەوە و جوانکاریی سەنتەری بازاڕی دهۆک بە دیزاینێکی سەردەمیانە لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و شارەوانییش سەرقاڵی ئامادەکردنی زەوییە بۆ ئەوەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت.
بریندار حەیدەر، قایمقامی قەزای دهۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنووری قەزای دهۆک بەردەوامن کە سەنتەری شار، ناحیە و گوندەکانی دەوروبەریش دەگرێتەوە. لە ڕێگەی هەردوو سەرۆکایەتیی شارەوانیی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دهۆکەوە، بەردەوام خزمەتگوزاریی ڕۆژانە پێشکەش بە هاووڵاتیانی دهۆک دەکرێت و ماستەرپلانی تۆکمەش دانراوە بۆ ئەوەی لە چیای زاوا پڕۆژەی ستراتیژی ئەنجام بدرێن.
قایمقامی دهۆک دەشڵێت، ''پڕۆژەی سەنتەری شار ئێستا لە ژێر جێبەجێکردندایە بۆ جوانکردنی سەنتەری شاری دهۆک و بازاڕی دێرینی شارەکە، کە بە دیزاینێکی سەردەمیانە تەواوی سیمای بازاڕەکە نوێ دەکرێتەوە و بە نەمام و دیزاینی جوان دەڕازێندرێتەوە.
بریندار حەیدەر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ''شارەوانیی دهۆک ئامادەکاریی تەواو دەکات بۆ دابەشکردنی زەوی، لە ئێستادا لە قۆناغی جیاکردنەوە و ئامادەکردنی زەوییەکانن بۆ ئەوەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێن. هەروەها چەند پڕۆژەیەکی تری خزمەتگوزاری لە بەرنامەماندایە کە ئەگەر بودجەی پێویستیان بۆ دابین بکرێت دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەتایبەتی پردی ئالۆکا پلان بۆ دانراوە کە شەقامەکەی فراوانتر بکرێت.
قائید میرۆ