هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٧ـی ئایاری ٢٠٢٦، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا چەند پرسێکی گرنگی سیاسی و کارگێڕی خستەڕوو، ئاماژەی بەوە کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ قۆناخێکی نوێی گفتوگۆکان.
پشتیوان سادق رایگەیاند، "پەیامەکەی سەرۆک بارزانی پێویستی بە کردار هەیە. ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ئەوەی ئەو پەیامە هەنگاوی کردەیی بۆ بنێین و جێبەجێی بکەین." ئاشکراشی کرد، بڕیارە دوای جەژنی قوربان، هەنگاوی جددی بنرێت بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
وەزیری ئەوقاف جەختی کردەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بەردەوامە و گوتی، "هەندێک گرفتی بچووک هەن، بەڵام هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەین لە پێناو بەرژەوەندی گشتی."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پشتیوان سادق ئاماژەی بە ئەنجامی سەردانەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرد و رایگەیاند، "بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی ناوەندە عەرەبی و عێراقییەکان، سەردانەکە زۆر سەرکەوتوو بووە."
باسی لەوەش کرد، لەو سەردانەدا گفتوگۆی باش لەسەر پرسە دەستوورییەکان و ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە کراوە، لەوانە: (پرسی هاوبەشی، سازان، هاوسەنگی، بودجەی هەرێم، ماددەی 140 و پرسی پێشمەرگە). هیوایشی خواست حکوومەتی نوێی عێراق پابەندی ئەو رێککەوتنانە بێت کە لەسەری پێکهێنراوە.
پشتیوان سادق راشیگەیاند؛ پیویستە پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە.