ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی بۆردی وتاری ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وتاری سبەی یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان زیاتر جەخت لەسەر بەھا کۆمەڵایەتییەکان، تەبایی و لێک نزیکبوونەوە دەکاتەوە. ھاوکات داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد جەژن بکەنە دەرفەتێک بۆ ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردستان.
د. بەشیر حەداد، سەرۆکی بۆردی وتاری ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "ھەردوو جەژنی ڕەمەزان و قوربان بە نوێژ و وتاری جەژن دەستپێدەکەن. مامۆستایانی ئاینی لە وتارەکانیاندا تیشک دەخەنە سەر نەریتەکانی جەژن، بڵاوکردنەوەی گیانی خۆشەویستی، تەبایی و گەردن ئازادی لەنێوان ھاووڵاتیاندا. جەژن ڕەھەندێکی گرنگی کۆمەڵایەتی ھەیە کە دەبێتە ھۆی پاککردنەوەی دڵەکان و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان خزمان و تاکەکانی کۆمەڵگە."
سەرۆکی بۆردی وتاری ئاینی ئاماژەی بە گۆڕینی چەمکی قوربانیدان کرد بۆ ڕەھەندێکی بەرفراوانتری مرۆیی و سیاسی و گوتی، "لە جەژنی قورباندا، پێویستە مرۆڤ لە زۆر ڕووەوە قوربانی بدات، ھەر بۆیە و لەم سۆنگەیەشەوە، داوا لە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکەین بەرژەوەندییە تەسکە حزبی و کەسییەکانیان لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی گەلەکەماندا بکەنە قوربانی."
حەداد لە درێژەی لێدوانەکەیدا جەختی لە گرنگیی قۆناغەکە کردەوە و ڕایگەیاند، کە لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە لێک نزیکبوونەوە و یەکڕیزی ھەیە، بۆیە دەبێت جەژنی قوربان بکرێتە ھەوێنی ئاشتەوایی و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردستان.
قائید میرۆ