ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنێت نزیکەی 800 هەزار مووچەخۆری کەرتی گشتی مووچەی مانگی پێنج، بە شێوەی دیجیتاڵی، لە ڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من" وەردەگرن.
پڕۆژەی هەژماری من، لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا، وەک بەشێک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بۆ بە مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیریی دارایی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان. تا ئێستا زیاتر لە 800,000 مووچەخۆر کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من کە 900,000 مووچەخۆری کەرتی گشتی خۆیان تۆمارکردووە لە پڕۆژەکە.
لە چوارچێوەی پرۆژەکە، لەلایەن بانکە بەشداربووەکان زیاتر لە 600 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیرکراون بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەشێوەیەکی 24 کاتژمێری بتوانن پارە ڕابکێشن. وا بڕیارە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتاییهاتنی پڕۆژەکە ژمارەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) لە 1,000 ئامێر تێبپەڕێنێت کە ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ڕێساکانی بانکی ناوەندی.