هەولێر-KDP.info- مامۆستایان و ئەکادیمیستانی زانکۆکانی کوردستان لە یۆبیلی زێڕینی شۆڕشی ٢٦ـی گوڵاندا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدوێن و دەڵێن، ئەم شۆڕشە مەزنە داینەمۆی گەڕاندنەوەی ئیرادەی تاکی کورد و تێکشکێنەری بنەڕەتیی نائومێدی بوو لە دوای پیلانی جەزائیر. ئاماژە بەوەش دەکەن کە شۆڕشی گوڵان پایەی یەکڕیزیی نیشتمانی و بەرەی کوردستانی داڕشت و باشترین وەفاداریش بۆ ئەم یادە، پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئیبراهیم عەلی مراد، لە زانکۆی گەرمیان ڕایگەیاند، ''کاتێک باسی شۆڕشی گوڵان دەکەیت، دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ قۆناغی نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول کە بەهۆی گەلەکۆمەکێیەکی نێودەوڵەتییەوە بەسەر گەلەکەماندا هات. لەو دۆخەدا، هەستانەوەی حزبێک و دەستپێکردنەوەی شۆڕش تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا، هەنگاوێکی یەکجار مەزن بوو. شۆڕشی گوڵان ئومێدی گەورەی خستەوە ناو دڵی هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر لە سەرتاسەری کوردستاندا.
دکتۆر ئیبراهیم گوتیشی، ''شۆڕشی گوڵان بووە هۆی دروستبوونی بەرەی کوردستانی و ڕاپەڕین، پاشانیش لەسەر داوا و پێشنیازی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی هەڵبژاردن کرا و پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم دامەزران. تا ئێستاش گەلەکۆمەکێ دژی پارتی و کوردستان بەردەوامە، بەڵام قەوارەکە بە ئیرادەیەکی پۆڵایین ڕاوەستاوە و بە گەواهی دۆست و دوژمن لە پێشەوەی زۆرێک لە حکوومەتەکانی ناوچەکەیە. بۆیە پێویستە گەلی کورد لە دەوری سەرۆک و حزبێک کۆببنەوە کە تەنیا ئامانجی سەرخستنی دۆزی ڕەوای نەتەوەکەیەتی و خیانەتی لە خاک و گەل نەکردووە.
چرا شەماڵ، مامۆستای زانکۆ لە شاری سلێمانی، ڕایگەیاند، ''لە ڕوانگەی مێژووی شیکارییەوە، گرنگیی ستراتیژیی شۆڕشی گوڵان لە چەمکی تێکشکاندنی بێهیواییدا کورت دەبێتەوە. ساڵێک پاش ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥، نەیاران پێیان وابوو دۆزی کورد بۆ هەمیشە کۆتایی هاتووە، بەڵام شۆڕشی گوڵان تەنیا ڕەهەندێکی چەکداری نەبوو، بەڵکوو ئیرادەی بۆ تاکیی کورد گەڕاندەوە و سەلماندی کە کورد لە بەرامبەر پیلانی نێودەوڵەتیدا سەر دانانوێنێت.
ئەم مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ''شۆڕشی گوڵان ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ یەکڕیزیی هێزەکان لە شاخ لە ژێر چەتری بەرەی کوردستانیدا، کە سەرەنجامەکەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی لێ کەوتەوە. لەم قۆناغەشدا، باشترین وەفاداری بۆ شەهیدانی گوڵان و سەرجەم کاروانی خەبات، پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە.
ناسیح حەبیب، مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە، لەم بارەیەوە گوتی، ''شۆڕشی گوڵان لە ٢٦ـی مایی ١٩٧٦دا، گوڕ و تینی بە کوردایەتی لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان بەخشی و لە دوای نسکۆ، سەرهەڵدانەوەیەکی گەورە بوو کە ئومێدی بە جەماوەر بەخشییەوە. ئەم شۆڕشە بووە بناغەی بەردەوامیی خەبات لە باشووری کوردستاندا.
ناسیح حەبیب جەختی کردەوە، ''پاش ١٦ ساڵ لە هەڵگیرسانی پشکۆی شۆڕشی گوڵان، گەلی کورد ڕاپەڕینی بەرپا کرد و شۆڕش و پێشمەرگە بوونە داینەمۆی ئەو وەرچەرخانە. پارتی سەرکردایەتیی ئەو قۆناغە سەختەی کرد و توانی لە ئاست خواست و تموحی جەماوەردا بێت؛ ئێستاش هەنگاوەکان نەوەستاون و نەتەوەکەمان بەرەو ئایندەیەکی گەشتر هەنگاو دەنێت.
ڕاپۆرت: عەزیز ڕەسووڵ