Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 26 MAY 2026 20:44 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

مەکتەبی سیاسیی پارتی: شۆڕشی گوڵان خەونی دوژمنانی خستە چاڵ و پیلانەکانی پووچەڵ کردەوە
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی لە یۆبیلی زێڕینی شۆڕشی گوڵاندا ڕایدەگەیەنێت، کە بە متمانەیەکی پۆڵایینەوە بەرەو پێکهێنانی کابینەی دەیەم و کاراکردنەوەی دامەزراوە سەروەرییەکان هەنگاو دەنێت. هاوکات جەخت لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، یەکڕیزیی نیشتمانی و بەردەوامی لەسەر ڕێبازی سەرۆک بارزانی دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە پارتی بە پاڵپشتیی جەماوەر، هەمیشە حزبی ژمارە یەکی کوردستان و عێراقە.

دەقی پەیامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە (٥٠)یەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵان:

هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان لە ساڵی (١٩٧٦)  بە ڕابەرایەتی و ڕێنوێنی بارزانیی نەمر و سەرکردایەتی پارتیمان، وەك درێژە پێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول خەونی دوژمنانی گەلەکەمانی خستە چاڵ و بۆ دۆست و دوژمنان سەلمێندرا گەلی كورد لە پیلان و گەلەكۆمەكێی نێودەوڵەتی زۆر بەهێزترە. 

شۆڕشی گوڵان تێکۆشانی ڕەوای میللەتێكی هەقخواز و خاوەن کێشەیەکی ڕەوا بوو، بۆیە نە بە ئاگر و ئاسن و نە بە پیلان و گەلەكۆمەكێی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە ناونەبرا، هەروەها سەرهەڵدانەوەی شۆڕش سەلماندی تاكە ڕێگای چارەسەری دۆزی كورد دانپێدانانە بە سەرجەم مافە نەتەوەییەکانی ئەو میللەتە.

ئەو شۆڕشە جگە لەوەی نائومێدیی ئەو قۆناخەی پێشتری خەباتی ڕەواندەوە، بووە دەسپێكی قۆناغێكی دیكەی خەباتی كوردایەتیش، كە سەرباری ئاستەنگ و بەربەستەکان، توانی ئەو خەباتە ڕەوایە درێژە پێبدات تا پێكهێنانی بەرەی كوردستانی و كۆبوونەوەی هەموو هێزە سیاسییەكان لە دەوری یەك هیوا و  و مەبەست.

ئەو هەنگاوەش بووە هەوێن و داینەمۆی ڕاپەرینی پیرۆزی ساڵی (١٩٩١)  كە ئاسۆیەكی نوێی لەبەردەم گەلی كوردستاندا كردەوە، دواجار گەلی كوردستان سەربەرزانە و لەسەر خاكی خۆی دەسەڵاتی دیموكراسییانەی میللی خۆی لە چوارچیوەی هەرێمی کوردستان دامەزراند و كۆی ئەوانەش، كە پیلانی ڕێککەوتننامەی جەزائیریان دژ بە گەلی كورد و شۆڕشەكەی ئەنجام دا، نابووت بوون و لە لایەن گەلانی خۆیانەوە سەرنگون كران. 

ئەمڕۆ كە یادی ئەو شۆڕشە مەزنە دەكەینەوە، گەلەكەمان قۆناغگەلێكی دوور و درێژی بڕیوە و سەدان هەوراز و نشێوی دیكەی تێپەڕاندووە و چەندین بەربەستی دژوار و ناهەمواری تەخت کردووە و پیلانی دیكەی پوچەڵ كردۆتەوە و دووبارە لە ئایندە و ئاسۆیەكی گەش دەڕوانێ. 

پارتی دیموکراتی کوردستان، كە ئەو هەموو پیلان و گەلەكۆمەكیەی لێكرا، وەك پێشڕەوی كوردایەتی و كۆڵنەدان، وەك هەمیشە شۆڕەسواری مەیدانە و بە پاڵپشتیی گەل حزبی ژمارە یەكی عێراق و كوردستانە، هەڵوێستە سیاسییەكانی و خۆڕاگری و دیفاعی مەردانەی لە خاك و مافی گەلی كوردستان، هێندەی دیكە پێگە و ئیعتباری لەسەر هەموو ئاستەكان بەهێزتر كردووە و بەرنامە نیشتمانسازی و ئاوەدانخوازییەكەشی جێی ئومێدی جەماوەرە، پتەویی ڕیزەكانی نێوخۆشی وایكردووە ئەهلی ئەو پڕكێشییە سەختانە و پێشڕەوایەتی خەبات و ئاواتەكانی گەلەكەمان بێت. 

لە كاتێكدا یادی شۆڕشی گوڵان دەكەینەوە، بە متمانەیەکی زۆرەوە بەرەو كوردستانێكی ئاسوودە و سەقامگیر هەنگاو دەنێین، بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماتی هەرێم، بەرەو پێکهێنانی کابینەی دەیەم و كاراكردنەوەی دامەزراوە سەروەرییەكانمان و حكوومەتێكی بەهێز و سەرتاسەری، كە لە ئاست ئەركەكانی قۆناغەكەدا بێت، بتوانێ سەقامگیریی كوردستان وەك هەمیشە بپارێزێ و ژیان و گوزەرانی خەڵك بەرەو باشتر و باشتر ببات، هەڵبەتە ئەمەش پێویستی به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هه‌یه‌، ئەو یەكڕیزییەی، كە پارتیمان زۆرترین نەرمی لە پێناودا نواند.

لەو یادە پڕ شکۆیەدا، وەکو هەمیشە بەڵێن و پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) دووپات دەکەینەوە وەک هەمیشە لەسەر هەمان ڕێبازی نەگۆڕ و ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتیمانیمان بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی شەرعییانەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان، هەروەها بەهێزکردنی بنەماکانی ئاشتەوایی و دیموکراسی و کولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان.

لەم یادەدا گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگر و دۆستان و جەماوەری پارتیمان و كۆی خەڵكی كوردستان دەكەین، بە تایبەتیش یەك بە یەكی پێشمەرگە قارەمانەكانمان كە بە جوامێری و لە سایەی هیممەت و نەبەردیی ئەواندا كوردستان پارێزراو و سەربەرز و ئارامە. 

لەو یادە پیرۆزەدا سڵاو و دروود بۆ دامەزرێنەر و ڕابەر و داڕێژەری ڕێبازی کوردایەتی (مستەفا بارزانیی نەمر) و کاکە (ئیدریسی هەمیشە لەیاد) و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای سەروەری و ئازادی و ڕزگاریی کوردستان.

 

سەرکەوتن هەر بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمانە.

   بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان.      

 

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

٢٦ـی ئایاری ٢٠٢٦




دوایین هەواڵەکان

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان

TUESDAY, 26 MAY 2026 20:05:36

ھەولێر-KDP.info- بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان، مەکتەبی سیاسیی پارتی پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکات، بەم بۆنەیەشەوە جەخت لەسەر هەماهەنگیی گشت حزب و هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکاتەوە بۆ پاراستن و داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

 
پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان

TUESDAY, 26 MAY 2026 18:05:52

ھەولێر-KDP. info-  مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات و ئومێد دەخوازێت ئەم جەژنە ببێتە مایەی سەقامگیری و تەبایی لە ناوچەکەدا.

 
پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ جەژنی پیرۆزى قوربان

TUESDAY, 26 MAY 2026 18:05:02

ھەولێر-KDP. info-  سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ جەژنی پیرۆزى قوربان پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتیی:

 
سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات

TUESDAY, 26 MAY 2026 17:05:17

ھەولێر-KDP. info-  ئەمڕۆ سێشەممە 5/26 ، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد.

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان

TUESDAY, 26 MAY 2026 17:05:49

ھەولێر-KDP. info-  سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند.



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact