حاجی ئۆمەران-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە، لە پێشوازیی یادی پەنجا ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، لقی ٢٦ـی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ھەماھەنگی لەگەڵ لیژنەی ناوچەی حاجی ئۆمەران، مەڕاسیمێکی شایستەی لە بناری چیای کۆدۆ و لەسەر مەزاری شەھید (سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی)، یەکەمین شەھیدی ئەو شۆڕشە پیرۆزە ڕێکخست.
مەڕاسیمەکە بە ئامادەبوونی (شوان محەممەد تەھا)، بەرپرسی لقی ٢٦ـی گوڵان، کارگێڕانی لق، بەرپرسانی حزبی و حکوومی، کەسایەتییەکانی دەڤەرەکە، کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ژمارەیەک لە پێشمەرگە دێرینەکانی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بەڕێوەچوو.
لە مەڕاسیمەکەدا، بەرپرسی لقی ٢٦ـی گوڵان گوتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند، "گرنگی و زەروورەتی مێژوویی ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان لەو قۆناغە سەختەدا، نەک تەنھا وەڵامێکی توند و شۆڕشگێڕانە بوو دژ بە پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو سەلماندی کە ئیرادەی گەلی کورد بۆ ئازادی ھەرگیز ناشکێت. گوتیشی، "ئەم شۆڕشە پیرۆزە، درێژەپێدەری ڕاستەقینە و قوتابخانەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو لەژێر سەرکردایەتی جەنابی بارزانیی نەمردا. ئێمە ئەمڕۆ پەیمانی وەفاداری نوێ دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین کە وەک پێشمەرگەیەک لەژێر سەرکردایەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، پارێزەر و فیداکاری پاراستنی سەرجەم ئەو دەستکەوتە نەتەوەییانە بین کە بە خوێنی پاکی ھەزاران شەھید ھاتوونەتە بەرھەم.

دواتر بەڕێز (ئەحمەد بارزان عەلیکۆ)، قایمقامی قەزای چۆمان، بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی یەکەمین شەھیدی شۆڕشی گوڵان، وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی لقی ٢٦ـی گوڵان و لیژنەی ناوچەی حاجی ئۆمەران کرد کە ساڵانە بە شێوازێکی شایستە شەرەفی ڕێکخستنی ئەم یادە مێژووییە لەئەستۆ دەگرن.
مەڕاسیمەکە بە دانانی تاجی گوڵینەی ڕێز و وەفاداری لەلایەن بەرپرسی لق و ئامادەبووانەوە لەسەر مەزاری پاکی شەھید (سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی) کۆتایی پێھات.
