بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٤ـی ئایاری ٢٠٢٦، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان, لە چوارچێوەی زنجیرە کۆبوونەوە و دیدارە دیپلۆماسییەکانیدا لە پایتەختی فیدڕاڵی، لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە کە بە ئامادەبوونی فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو، تەرخان کرابوو بۆ ھەڵسەنگاندنێکی ھەمەلایەنەی بارودۆخی گشتیی عێراق و ئاڵنگارییە سیاسی و ئابوورییەکانی قۆناغی ھەنووکەیی.
مەسروور بارزانی، دوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوەکە و گفتوگۆکردن لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ ڕای گشتی خستەڕوو.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: کۆتاییمان بە سەردانەکە ھێنا شوکر بۆ خوا دیدار و کۆبوونەوەی زۆر باشمان ھەبوو لەگەڵ زۆرینەی بەرپرسان، لەسەر کۆی پرسە گرنگەکان قسەی پێویستیمان کردووە، داکۆکیمان لەسەر ھەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان کردووە.
باسی لەوەش کرد، داوامان کرد مووچەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان وەک ھەموو ھاووڵاتییانی دیکەی عێراق تێکەڵ بە ھیچ بابەتێکی سیاسیی نەکرێت، ئێمەش وەڵامی ئەرێنیمان لە بەرپرسان بیستووە کە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
مەسروور بارزانی ڕاشیگەیاند: لە چوارچێوەی کۆبوونەوەمان لەگەڵ عەممار حەکیم، کە وەزیری دارایی عێراق تێیدا بەشدار بوو، لەسەر ئەوە قسەمان کردووە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بنێردرێت و ھیوادارین بەردەوام بن لە ناردنی مووچە.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ھیوادارین لە دوای جەژن کابینەی وەزاری حکوومەتی عێراق تەواو بکرێ، ھەروەھا بڕیارە دوای جەژن جارێکی دیکە کۆبوونەوە بکرێت بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ھەڵانەی کە پێشتریش ھەبوون بۆ دەستنیشانکردنی ئەندامەکان بۆ تەواوکردنی پێکھاتەی کابینەی وەزاریی عەلی زەیدی.
لەبارەی داھاتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانەوە، مەسروور بارزانی، ئاشکرای کرد، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق لەسەر بابەتە ستراتیژییەکان قسەمان کردووە، لەسەر ئەوەی کە پێویستە ھەرێمی کوردستان ھەموو پارێزگاکان ئەو بوارەیان پێبدرێت بتوانن داھاتی نەوتی و نانەوتی، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی خۆیان زیاد بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر ڕۆڵ ببینن لە دابینکردنی بەشی خۆیان بۆ حکوومەتی فیدراڵی، لەسەر ئەوە قسەی پێویستمان کردووە.
جەختی لەوەشکردەوە، ئێستا ئەوەی ئێمە پێمان گوتوون نیوەی ئەو داھاتەی کە ئێستا لە ھەرێم ھەیە ئێمە ئامادەین وەک مانگەکانی پێشووتر لە بەشی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بنێرێن بۆ حکوومەتی فیدراڵی، بۆ ئەوەی ئەوانیش بەردەوام بن لە ناردنی مووچە.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە ویستوومانە سوود لە ھەڵەکانی ڕابردوو وەربگیرێت، ھەموو لایەک پێداچوونەوە بە کێشەکان و ھۆکارەکانی بکەن، بەڵام ئێمە ئێستا سەرنجمان لەسەر دەستنیشانکردنی شێوازی پەیوەندیی حکوومەتی ھەرێمە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، سەرنجمان لەسەر پەیوەندییەکانی داھاتووە نەک ڕابردوو.