Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 23 MAY 2026 21:25 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

کەرکووکی بۆ KDP.info: پێویستە پەرلەمانتاران پابەندی سوێندەکەیان بن و بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەڵگرن
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- دکتۆر کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پێویستە پەرلەمانتاران پابەندی سوێند خواردنی خۆیان بن و بەرپرسیارەتی هەڵگرن کە ئامادە نەبوونی پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان تەنها و تەنها بۆ نەیارانی گەل و خاکی کوردستان بەسوودە.

دکتۆر کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی پەیوندی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''لە سیستمە دیموکراتییە پەرلەمانییەکاندا، پەرلەمان بە یەکێک لە باڵاترین دامەزراوە دەستوورییەکان دادەنرێت، ئەویش بەهۆی ئەو ئەرکە جەوهەرییانەی ئەنجامیان دەدات لە بواری یاسادانان و بەخشینی متمانە بە حکوومەت و چاودێریکردنی ئەدا و کارەکانی و پاراستنی هاوسەنگیی دامەزراوەیی و سیاسی لەناو سیستمی دیموکراتیدا، لەم سۆنگەیەوە پاراستنی پێگەی پەرلەمان و دەستەبەرکردنی بەردەوامیی کارەکانی و ڕێکوپێکیی دانیشتنەکانی تەنیا پرسێکی ڕێکاری نییە، بگرە پایەیەکی بنەڕەتییە لە پایەکانی شەرعییەتی دەستووری و سەقامگیریی سیاسی.

دکتۆر کەمال کەرکووکی گوتیشی، ''بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئەم دامەزراوەیە لە ئێستادا دەکەوێتە سەر شانی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان، کە لە ڕێگەی دەنگی هاووڵاتییانەوە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤ی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە پەرلەمان، دوای ئەوەی گەلی کوردستان متمانەی خۆی پێیان بەخشی و ڕایانی سپارد بۆ نوێنەرایەتیکردن و داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییەکانی و پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانی و دەستوورییەکانی، لەبەر ئەمە ئەندامێتیی پەرلەمان ئیمتیازێکی حزبی یان سیاسی نییە، بەڵکو ئەمانەتێکی نیشتمانی و بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە کە ڕاستەوخۆ گرێدراوی ئیرادەی گەل و مافەکانیەتی.

کەرکووکی دەشڵێت، لەم ڕوانگەیەوە ئەندامانی پەرلەمان بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و دەستووری و سیاسییان لە بەردەم خودا و دەنگدەرانیان و ویژدانی خۆیان و مێژوودا لەسەر شانە، ئەم بەرپرسیارێتییەش لە سێ تەوەرەی سەرەکیدا بەرجەستە دەبێت ئەوانیش:

یەکەم: بەرپرسیارێتیی سوێندی دەستووری

ئەندامانی پەرلەمان لە بەردەم خودا و گەلدا سوێندیان خوارد، کە ئەمە دەقی سووێندەکەیانە، "بە خودای گەورە سوێند دەخۆم، کە بەرژەوەندی گەلی کوردستان و یەکێتیی خاک و گەل و شکۆ و ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتییان و سامانی گشتی بپارێزم و ئەرکی ئەندامێتی بە ڕاستی و دڵسۆزییەوە جێبەجێ بکەم، بۆیە ئامادەنەبوون لە دانیشتنەکانی پەرلەمان دوای ئەم سوێندخواردنە، بە پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ناوەڕۆکی ئەو پابەندبوونە دادەنرێت کە پەرلەمانتار لە بەردەم خودا و گەلدا خۆی پێیەوە پابەند کردووە، چونکە سوێند تەنیا دەربڕینێکی زارەکی نییە، بەڵکو ئەرکێکی کردەیی دەسەپێنێت کە خۆی لە پەیڕەوکردنی ڕۆڵی یاسادانان و دامەزراوەییدا دەبینێتەوە کە پەرلەمانتار لەپێناویدا هەڵبژێردراوە.

دووەم: بەرپرسیارێتیی شەرعییەتی هەڵبژاردن

ئەندامانی ئێستای پەرلەمان لە کاتی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا داوای دەنگی هاووڵاتییانیان کرد و بەڵێنی خزمەتکردنی گەل و داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییەکانی و پاراستنی ماف و دەستکەوتە نیشتمانییەکانیان دا، بەڵام بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان و پەکخستنی ئەنجامدانی دانیشتنەکان بۆ بەدەنگەوەهاتنی هەندێک ئیعتیبارات یان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی حزبیی بەرتەسک، لادانە لە جەوهەری ئەو شەرعییەتی هەڵبژاردنەی لەلایەن دەنگدەرانەوە پێیان دراوە، بۆیە پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان و ڕێگریکردن لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و لە ئەنجامدا کۆسپ دروستکردن بۆ پێکهێنانی لیژنەکانی پەرلەمان و پەکخستنی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاریگەرییەکەی تەنیا لە پەکخستنی دامەزراوەیەکی دەستووریدا کورت نابێتەوە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ لاوازکردنی ئەزموونی سیاسی و فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان و زیانگەیاندنی ڕاستەوخۆ بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان. چونکە دامەزراوە دەستوورییەکان بە لۆجیکی پەکخستن و بۆشایی بەڕێوە ناچن، بەڵکو بە لۆجیکی پەنابردن بۆ ئیرادەی هەڵبژاردن و ڕێسا دیموکراتییەکان و کاری پەرلەمانیی ئاسایی بەڕێوە دەچن.

سێیەم: بەرپرسیارێتیی دەستووری و یاسایی و نەریتە پەرلەمانییەکان

کەرکووکی ڕوونیشیکردەوە، ''لە سەرجەم سیستمە پەرلەمانییە دیموکراتییەکاندا، بەردەوامی و ئامادەبوونی ڕێکوپێک لە دانیشتنەکانی پەرلەمان بە بەشێک لە پابەندبوونی بنەڕەتی دادەنرێت و، نەهاتنی بەردەوام و بێ پاساو بە پێشێلکردنی ئەرکی دەستووری و دامەزراوەیی دەژمێردرێت.

بەرپرسی بەشی پەیوندی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونیشیکردەوە، ئەزموونە پەرلەمانییە نێودەوڵەتییەکان دەری دەخەن کە زۆرێک لە دیموکراسییەکان، دوای سوێندخواردنی دەستووری، بە توندی مامەڵە لەگەڵ پرسی ئامادەنەبوون لە دانیشتنەکاندا دەکەن، ئەمەش ئاڕاستەیەکی نێودەوڵەتیی ڕوونە، ئەوە پێشان دەدات کە ئامادەبوون لە پەرلەمان پابەندبوونێکی دەستووری و دامەزراوەییە و دروست نییە پەک بخرێت یان وەک بژاردەیەکی سیاسیی کراوە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت، بۆیە لەم سۆنگەیەوە، داوا لە سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دەکەین کە بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و دەستوورییەکانی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و، ڕێز لەو سوێندە بگرن کە لە بەردەم خودا و گەلی کوردستاندا خواردوویانە و دەست بکەن بە ئەنجامدانی ئەرکە پەرلەمانییەکانی خۆیان بە شێوەیەکی ئاسایی، چونکە لە هۆڵی پەرلەماندا سەرجەم پەرلەمانتاران مافی تەواویان هەیە بۆ دەربڕینی ڕا و هەڵوێستەکانیان و پەیڕەکردنی هەموو شێوازە دیموکراتی و سیاسییە شەرعییەکان و ناکۆکییە سیاسییەکانیش دەبێت لەناو دامەزراوە دەستوورییەکاندا و بەپێی نەریتە پەرلەمانییەکان چارەسەر بکرێن، نەک لە ڕێگەی پەکخستنی پەرلەمان و سەپاندنی هاوکێشگەلێک کە باز بە سەر ئیرادەی هەڵبژاردندا دەدەن.

لەکۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دکتۆر کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی پەیوندی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''لەم چوارچێوەیەدا و، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیەک لە پێکهاتە سیاسییەکانی دیکە ئامادەیی خۆیان پێشان داوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دەستپێکردنەوەی کارە دامەزراوەییەکانی، کە لەم ڕێگەیەوە دەکرێت پێگەی ئەم دامەزراوە دەستوورییە بگەڕێنرێتەوە و دەست بە کارەکانی خۆی بکات، ئەمەش لە ڕێگەی نیسابێکەوە کە 49 پەرلەمانتاری پێویستە، فەراهەم دەبێت، بەڵام هەندێک لایەن بەداخەوە هێشتا ڕژدن لەسەر پەکخستنی پەرلەمان و ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی دانیشتنەکانی و دەستگرتن بە هەندێک هاوکێشەی سیاسییەوە کە نە لەگەڵ شەرعییەتی هەڵبژاردندا دەگونجێن و نە لەگەڵ پێداویستییەکانی ڕەوتی دیموکراسی و دامەزراوەیی لە هەرێمی کوردستان دەگونجێن و نە لەگەڵ ئەو سوێندەی پەڕلەمانتارانی هەرێمی کوردستان کە ئامادەی دانیشتن نابن و لەساڵی ٢٠٢٤ بە قورئانی پیرۆز سوێندیان خوارد دەگونجێت، بۆیە ئامادە نەبوونی پەرلەمانتاران لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان تەنها و تەنها بۆ نەیارانی گەل و خاکی کوردستان بەسوودە.

 

بڵند ئیبراهیم




دوایین هەواڵەکان

مەسروور بارزانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی کۆبووەوە

SATURDAY, 23 MAY 2026 21:05:00

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەسڕ، ھاوڕابوون لە سەر ئەوەی پێویستە حکوومەتی فیدراڵ، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان، خزمەتی گشت ھاووڵاتی و پێکھاتەکانی وڵاتەکە بکات.

 
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم و سەرۆکی ھاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی کۆبوونەوە

SATURDAY, 23 MAY 2026 20:05:00

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ھاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی جەختیان لە پەرەپێدانی ھاریکاری و ھاوئاھەنگیی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکان کردەوە.

 
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی حزبی تەقەدوم کۆبووەوە

SATURDAY, 23 MAY 2026 19:05:55

بەغدا-KDP. info-  ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 5/23، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا، لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم کۆبووەوە.

 

سه‌رۆكی ھەرێمی کوردستان، ستایشى هه‌وڵه‌كانى مامۆستا سەڵاحەدین محه‌مه‌د بەهائەدین ده‌كات

SATURDAY, 23 MAY 2026 19:05:49

ھەولێر-KDP. info-  ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2026/5/23، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز مامۆستا سەڵاحەدین محه‌مه‌د بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کرد.

 
فارس عیسا: کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکوومەت لە بەغدا گرنگ وئیجابی بوون

SATURDAY, 23 MAY 2026 19:05:40

بەغدا -KDP.info- سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی "سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگ و ئیجابی بوو، گفتوگۆکانیش بەڕۆحیەتی برایانە بەڕێوەچوون." 

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact