زکری مووسا
لە نێو تاریكیی بێدادیی جیهاندا، دابەشبوونی كوردستان یەكێكە لە خەمناكترین و هەژێنەرترین چیڕۆكەكانی مێژووی نوێ. چیڕۆكی گەلێكە كە ڕیشەكانی لە قوڵاییی مێژوو، لە شاخ و دۆڵ و ڕووبارەكان، و لە ویژدانی زیندووی مرۆڤایەتیدا چەسپاوە؛ بەڵام هێشتا لەو مافە بێبەشە كە سەرزەمینی خۆی هەبێت و ئاڵای خۆی لە ئاسمانی ئازادییدا بشەكێنێت.
لە دڵی هەر كوردێكدا برینێكی كۆن هەیە؛ برینێك كە لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەكەی دەگاتە قۆناغی پرسیار. كاتێك چاوی منداڵێكی كورد بۆ ناسنامەی خۆی دەكرێتەوە، یەكێك لە تاڵترین پرسیارەكان ئەوەیە: «بۆچی ئێمە بێ وڵاتین؟» ئەمە، هاوارێكی شاراوەی مێژوویەكی پڕ لە ئازار و چاوەڕوانییە لە نەست و هەستماندا دەمێنێت.
بەڵام ئیرادەی كوردستانیان، هەرگیز لەژێر باری ئەو بێدادییەدا نەشكایەوە. لە هەموو پارچەكانی كوردستان، شۆڕش و راپەڕینەكان وەك گڕی ئاگری ئازادی هەڵگیرسان. شاخەكانی كوردستان هەمیشە هاودەنگی پێی پێشمەرگە بوون، و خوێنی قارەمانان داری ئازادیی نیشتیمانی بەهێزتر و بەهێزتر دەكرد.
لەو پارچەیەی كە بە عێراقەوە لكێندرا، ئەو چیڕۆكە خوێناویتر و تراژیدییتر بوو.هەرێمی كوردستانی عێراق، كە ئێستا وەك سیمبوڵ و هیوایەك لەبەرچاوی هەموو كوردێكی جیهاندایە، بەرهەمی ساڵانی دوورودرێژی خەبات و دڵسۆزی و هەداریی ڕۆڵەكانیەتی. ئەو قەوارەیە بە خوێنی هەزاران پێشمەرگە ئاودراوەتەوە؛ بە فرمێسكی دایكانێك كە هێشتا بۆ ڕۆڵە شەهیدەكانیان چاوەڕوانن؛ بە هەناسەی ئاوارە و پەنابەران و هاواری زیندانە تاریكەكان و خۆڕاگریی ئەو دڵانەی كە هەرگیز بۆ داگیركاری نەچەمانەوە، مانەوە و مانای پێ بەخشراوە.
ئەنفال، كیمیاباران، ئاوارەیی، پەنابەری، زیندان و ئەشكەنجە… هەموویان وەك برینی ئاگرین لەسەر جەستەی مێژووی كوردستان ماون. بەڵام لە نێوان ئەو هەموو تاریكییەدا، گەلی كورد هەمیشە چرایەكی هیوای پاراستووە. بیرمان نەچێت هەر ڕۆژێكی ئەم نیشتیمانە، یادەوەریی داستان و قارەمانێكە؛ هەر شاخێكی، گۆرانییەكی خۆڕاگرییە؛ و هەر هەنگاوێكی، بە خوێنی شەهیدێك نووسراوە.
ڕاستە هەرێمی كوردستان هێشتا دەوڵەتێكی تەواو سەربەخۆ نییە، و لەگەڵ زۆر ئازار و گرفتی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیدا دەژی، بەڵام ئەو بەهایەی بۆ درووستبوونی دراوە، لە بەهای زۆر دەوڵەت زیاترە. ئێرە بۆ هەموومان نیشان و ناسنامەیە و ئاوێنەی ڕەنجێكی سەدساڵەی میللەتێكە. میراتێكە كە دەبێت بە ڕێزەوە بەهێز بكرێت و گەشەی پێ بدرێت بۆ نەوەكانی داهاتوو.
لە هەر دۆخ و سەردەمێكدا، هەرێمی كوردستان دەبێت وەك گلێنەی چاو بپارێزرێت. ئەوەی بە ڕەنج و خوێن هاتۆتەدی تەنها بە هۆشیاری و دڵسۆزی و دووربینی دەپارێزرێت. هیچ بیانوویەك بوونی نیە بۆ ئەوەی بە چاوێكی كەم سەیری ئەو خەبات و ئەو دەستكەوتە بەهادارە بكرێت.