هەولێر-KDP.info- خەسرۆ گۆران، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی کارگێڕانی لق، پێشوازی لە زیبا تەھا، سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و ئەندامانی سکرتاریەتی ڕێکخراوەکە کرد و کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان سەبارەت بە واقیعی ئێستا و کارەکانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی لقی ١٤ تیشکی خستە سەر مێژووی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان کە بە بڕیاری بارزانیی نەمر بووە و ڕایگەیاند، "ئافرەتانی کوردستان ھەمیشە ڕۆڵی پێشەنگیان لە ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتندا ھەبووە، ئێستاش کاتیەتی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ڕۆڵی گەورەتر بگێڕن."
خەسرۆ گۆران ڕێکخراوەکەی بە دەستکەوتێکی مێژوویی و نەتەوەیی ناوبرد کە لە ڕێگەی خەباتی مەدەنی و بەردەوامی خۆیەوە، ھەمیشە داکۆکیکارێکی سەرسەختی ماف و ھۆشیاریی ئافرەتی کورد بووە و دەنگی ڕاستەقینەی ئەوان بووە لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا.

