دکتۆر سامان سۆرانی
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بەهۆی گۆڕاوەکان لەسەر ئاستی جیۆپۆلیتیکی بە قۆناغێکی سیاسی هەستیار تێدەپەڕێت و پێویستی بە بەرزترین ئاستی حیکمەت و خۆڕاگری هەیە، مێژوو و ڕەسەنایەتی خەباتی گەلی کوردستان بە شانازییەوە یادی پەیوەندیکردنی سەرۆك مەسعوود بارزانی بە ڕیزەکانی پێشمەرگە (لە ٢٠ی ئایاری ١٩٦٢) بەرز ڕادەگرێت.
ئەم یادە تەنها بۆنەیەکی ئاسایی نییە لە ڕۆژژمێری کوردیدا، بەڵکو وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگە کە سیمای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی نەخشاند و بوو بە بنەمای ڕێبازێکی سیاسی و پێشمەرگایەتی، کە گەلی کوردستانی لە نەهامەتی و ستەمکارییەوە بەرەو ئاسۆی ئازادی و قەوارەیەکی دەستووریی دانپێدانراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی برد.
کاتێ سەرۆك بارزانی وەکوو لاوێك پێش زیاتر لە شەش دەیە پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە کرد، بەدوای نازناو یان پۆست نەدەگەڕا، بەڵکو وەڵامی بانگەوازی خاکی دایەوە لەو کاتەی، کە ناسنامەی کوردبوون ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی بوون و نەبوون بوو.
لەو سۆنگەیەوە ناوی سەرۆك بارزانی گرێدراوە بە پەیوەندییەکی قووڵ و دانەبڕاو بە چیاکانی کوردستانەوە، سەرۆك بارزانی لە پێشمەرگەیەکی گەنجی ناو شۆڕشەوە بوو بە داڕێژەری سیماکانی و سەرکردەیەکی مەیدانی لە سەختترین وەرچەرخانە مێژووییەکاندا.
کاروانی درێژی خەباتی ئەوە دەسەلمێنێت، کە سەرکردایەتی سەرۆك بارزانی لە ناخی ئازارەکان و لە سەنگەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەوە لەدایکبووە.
سەرۆك بارزانی سەرەڕای وەرگرتنی بەرزترین پۆستی سەرکردایەتی، هەمیشە بە شانازییەوە گوتوویەتی: "مەزنترین شانازی لە ژیانمدا ئەوەیە کە پێشمەرگەم".
ئەم ناسنامە قووڵە بە ڕوونی لە پەیام و گوتارەکانی ڕەنگی داوەتەوە، کاتێ فەلسەفەی خەباتی خۆی لە دەقێکی پڕ لە وەفا و شانازی کورت دەکاتەوە و خوێنی شەهیدان بە "سەرچاوەیەك، کە ئازادی و کەرامەتی گەلی کوردی لێ هەڵقوڵاوە" وەسف دەکات، ئەمە خوێندنەوەیەکی ڕاستەقینەی مێژووە، کە بەبیر نەوەکانی ئێستا و هێزە سیاسییەکانی دەهێنێتەوە، کە هەموو دەستکەوتە دەستوورییەکانی ئەمڕۆی هەرێم پێی شاد بووە، بەرهەمی ئەو خوێنە پاکەیە، کە لە چیاکانی کوردستان ڕژاوە، کاتێ پێشمەرگە قارەمانەکان لە دژی دڕندەترین دیکتاتۆریەتەکان دەوەستانەوە و بەرگرییان لە خاك و نیشتمان دەکرد.
سەرۆك بارزانی وەک باوکێکی ڕۆحیی پێشمەرگە لەبیری ناکات، بەردەوام سڵاو و ڕێز و پێزانین ئاراستەی هاوسەنگەر و پێشمەرگەکان بکات و چاوی ئەو پاڵەوانانە ماچ بکات، کە ئەمڕۆ ئەم ئەرکە پیرۆزە بۆ پاراستنی خاکی کوردستان لە تیرۆر و هەڕەشە هاوچەرخەکان لەئەستۆ دەگرن.
شەست و چوار ساڵ خەباتی سەرۆك بارزانی وەکوو پێشمەرگە، لە بنەڕەتدا ڕێزلێنانە لە قوتابخانەی خۆڕاگریی گەلی کورد، کە لە شێخ عبدولسلام و شێخ ئەحمەد و مستەفا بارزانی سەرچاوەی گرتووە و بە درێژایی چەندین دەیە ئەوەی سەلماندووە، کە "پێشمەرگە" تەنها ناوێك نییە بۆ شەڕکەر، بەڵکو بیروباوەڕێکی مرۆییە، کە بەرگری لە ئاشتی، پێکەوەژیان و مافی چارەی خۆنووسین دەکات.
سەرۆك بارزانی لە سەنگەرەکانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانەوە، تا بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، بەردەوام لە پێشەوەی بەرەکانی شەڕ ماوەتەوە، لە هەمان کاتدا سەرکردایەتی شەڕە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان بە هەمان ورە و پێداگرییەوە کردووە.
ئەم یادە مەشخەڵێکە هەمیشە دەمێنێتەوە و ئیلهام بە نەوەکانی داهاتووی کوردستان دەبەخشێت، و لە ژێر ڕۆشنایی ئالنگارییەکانی ئێستادا ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە ئازادی و شکۆمەندی بەسەر کەسدا دابەش ناکرێت، بەڵکو بە خۆڕاگری گەلان و دانایی سەرکردەکان بەدەست دێت. سڵاو بۆ سەرۆکی پێشمەرگە، کە دەیان ساڵ لە تەمەنی خۆی لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلەکەی بەخشیوە، و سڵاو بۆ ئەو ڕۆحە پاکانەی کە چیاکانی کوردستانیان کردە قەڵای هەمیشەیی ئازادی و شکۆمەندی.