ئامێدی-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٨ی پارتی لە ئامێدی دەڵێ، لە ئایندەیەکی نزیکدا و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی بە جووتسایدکردنی ڕێگای سوارەتۆک دێرەلۆک دەچێتە بواری جێبەجێکردن.
بەھرام عەریف یاسین، بەرپرسی لقی ١٨ی ئامێدی پارتی، لە لێدوانێکیدا بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پێش ماوەیەک لە خزمەت سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندابووین و باسمان لەوە کرد چ پڕۆژەیەک بۆ خزمەت ھاووڵاتیانی سنووری ئامێدی پێویستە بکرێت، بەڕێزیان ڕەزامەندی پیشاندا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژی ڕێگاوبان و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردن.
بەرپرسی لقی ١٨ی ئامێدی گوتیشی، "پڕۆژەکە لە سوارەتۆک تا دەگاتە دێرەلۆک ڕێگا دەکرێتە دووساید و دەڤەری ئامێدی بە سەنتەری قەزا و ناحیەکانی سەرسنگ و شیلادزێ و دیرەلۆک و ھەموو دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن و دەبێتە ڕێگایەکی ستراتیژی ناوچەکە، پێشتریش داواکاری زۆری خەڵکی ناوچەکە بە دووسایدکردنی ئەو ڕێگایە بووە.
بەھرام عەریف یاسین ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "لە ساڵانی ڕابردوو چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێکراون، بەتایبەتی دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ دەڤەرەکەمان، پارتی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی زیاتر ژێرخانی ناوچەکە بووژانەوە بەخۆیەوە ببینێ و خۆشگوزەرانی بۆ ھاووڵاتیان دەستەبەر بکەین.
قائید میرۆ