هەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت، سەرۆکی حکوومەت پاڵپشتیی تەواوی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ دەکات بۆ دروستکردنی کارگەی گەورە لە هەموو سێکتەرەکاندا و ئاشکراشی دەکات کە ٨٣٪ـی وەبەرهێنەرانی هەرێم ناوخۆیین.
دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی تەواوی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ دەکات بۆ ئەوەی پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئاسانکاریی تەواویان بۆ دەکرێت، چونکە وەبەرهێنەری نیشتمانپەروەرن و کوردستانیان خۆش دەوێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بە بەردەوامیی پڕۆژەکان دا و گوتی، ''سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا چەندین هێرشی ناڕەوا کرایە سەر شارەکانی هەرێم، بەڵام کاری وەبەرهێنەران بەردەوامە و ئەوان کارەکانی خۆیان دەکەن، چونکە هەرێمی کوردستان هەمیشە بۆ وەبەرهێنەران ناوچەیەکی ئارامە.
دکتۆر محەممەد شوکری ڕێژەی پشتبەستن بە سەرمایەی ناوخۆیی ئاشکرا کرد و دەڵێت، ''ئێمە وەک دەستە پاڵپشتی لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ دەکەین، چونکە ڕێژەی ٨٣٪ـی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان ناوخۆیین. هۆکارەکەی ئەوەیە سەرۆکی حکوومەت دەیەوێت گرووپی وەبەرهێنەران هێزێکی زیاتر دروست بکەن و پڕۆژە ستراتیژییەکان، بەتایبەت کارگەی گەورە لە هەموو سێکتەرەکاندا ئەنجام بدەن.
بڵند ئیبراهیم