زاخۆ-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگەوبان، پڕۆژەی ستراتیژیی بەرزەپرد و ژێرپردی (ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس)ی "گوندک-خەبات" لە زاخۆ بە چڕی کاری تێدا دەکرێت و قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە گەیشتووەتە ٦٠٪، کە بە تەواوبوونی، جەنجاڵی ناو شار بە تەواوی کەم دەکاتەوە و سیمایەکی شارستانی بە ناوچەکە دەبەخشێت.
لەم بارەیەوە، ئیدریس عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی شارەوانی زاخۆ و بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرزەپرد و ژێرپردی خەبات-گوندك، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گووتی، "ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لەو پڕۆژانەی حکوومەت کە خزمەتێکی شایستە پێشکەشی هاووڵاتیان و بە تایبەت شۆفێران دەکات. ناوبراو دەڵێت، "درێژی بەرزەپردەکە ٣٢٥ مەترە و درێژی ژێرپردەکە ٢٨٠ مەترە. هاوکات گوژمەی تەرخانکراو بۆ کۆی پڕۆژەکە ١٥ ملیار و ٦٠٠ ملیۆنە و کاکردن لەسەر پڕۆژەکە بەردەوامە".
ئیدریس عەبدوڵڵا زیاتر ڕوونی کردەوە، "پڕۆژەکە ئێستا لە قۆناغی دووەمی دایە و ٪٦٠ پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە، مانگێک تا دوو مانگی تر کارکردن لەسەر ئۆڤەرپاس بە تەواوی کۆتایی دێت و دەست دەکرێت بە کارکردن بۆ ژێرپرد (ئەندەرپاس)." لەبارەی قۆناغی یەکەمیش، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە گووتی، "٪٩٠ـی قۆناغی یەکەم کۆتایی هاتووە کە پێکهاتبوو لە دروستکردنی ڕێڕەوی ئاوی بۆ چارەسەرکردنی ئەو شوێنانەی لافاوی تێدا دروست ببوو، لە ئێستادا تەنیا قیڕکردنی شەقامەکان ماوە. دروستکردنی ئەو ڕێڕەوە ئاوییانە بە درێژایی ٦٠٠ مەتر بووە و ئامانج لێی دروستکردنی دیواری پاڵپشت بووە بۆ چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لافاو." بە گوتەی ناوبراو، "لە ماوەیەکی کەمدا سەرجەم پڕۆژەکە تەواو دەکرێت و دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییان."
پەیوەست بە گرنگی و دەستکەوتەکانی پڕۆژەکە بۆ ئیدارەی زاخۆ بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرزەپرد و ژێرپردی خەبات-گوندك گوتی، "پڕۆژەکە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە کەرتی هاتوچۆی زاخۆدا دروست دەکات، ترافیک و قەرەباڵغی ناو شار بە تەواوی ناهێڵێت و ئاسانکارییەکی گەورە بۆ شۆفێران دەکات و لە ڕێگەی دروستکردنی دیواری پاڵپشت و ڕێڕەوی ئاویی گەورە، کێشەی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لافاو لەو ناوچەیەدا بۆ هەمیشە چارەسەر دەبێت ئەوە جیا لە لایەنە خزمەتگوزارییەکەی، دیمەنێکی مۆدێرن و جوانتر بە شاری زاخۆ دەبەخشێت.
ئەژین غەفار