هەولێر- KDP.info- لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، قەشە دانیال ڕوفائیل سلیوا و قەشە یەترون یونان داود، لەبارەی گرنگیی دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، ئەم سەردانە بە گرنگ و بەرهەمدار لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهاندا دەبینن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سەردانێکی دوو ڕۆژەدا بۆ ڕۆما و ڤاتیکان چەندین دیداری گرنگی ئەنجامداوە لەگەڵ پاپای ڤاتیکان و بەرپرسە باڵاکانی ئیتاڵیا، کە هێشتا دیداری تریش ماون و ئەنجامیان دەدات.
قەشە دانیال ڕوفائیل سلیوا، قەشەی (دیانا، هاودیان، بێدیال) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "سەردانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ڤاتیکان، گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و دووپاتکردنەوەی پەیامی پێکەوەژیان و ئازادیی ئایینی لە هەرێمی کوردستاندا".
قەشە دانیال دەشڵێت: "کوردستان نموونەیەکی درەوشاوەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکانە، بەبێ هیچ جیاوازییەک و بەوپەڕی ئازادییەوە. هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ مەسیحییەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بەتایبەت ئەوانەی کە لەژێر هەڕەشەی هێرشەکانی چەکدارانی داعشدا بوون؛ لە کوردستان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا و تا ئێستاش بە ئارامی و خۆشگوزەرانی ژیان بەسەر دەبەن".
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو تابلۆ جوانەی پێکەوەژیان کە هەموو پێکهاتەکان تێیدا بەشدارن، ڕەنگدانەوەیەکی ئیجابیی لەسەر ئاستی جیهاندا هەیە و وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆ لێبوردەیی و فرەیی ئایینی سەیر دەکرێت".
ئەم سەردانەی جەنابی نێچیرڤان بارزانی بۆ لای پاپای ڤاتیکان، جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئەو ڕاستییە کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک مەڵبەندی ئاشتی و تەبایی دەمێنێتەوە و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکی هەرێمیش ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە ناساندنی ئەم وێنە شارستانییەی گەلی کوردستان بە جیهان.
هەر لەبارەی گرنگیی سەردانەکە، قەشە یەترون یونان داود لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP) تیشکی خستە سەر گرنگیی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ڤاتیکان و دیداری لەگەڵ پاپا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە بایەخێکی مێژوویی هەیە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
قەشە یەترون یونان داود زیاتر گوتی: "نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی دیار و کاریگەرە لە عێراق و ناوچەکە، ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕێت لە چەسپاندنی سەقامگیری و بنیاتنانی پردی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیهان. ئەم سەردانەی بۆ ڤاتیکان تەنیا دیدارێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو هەڵگری پەیامێکی قووڵە بۆ دیالۆگی نێوان ئایینەکان و چەسپاندنی بەهاکانی برایەتی و مرۆڤایەتی".
قەشە یەترون یونان داود جەختیشی کردەوە: "ئەم سەردانە وێنەیەکی گەشی هەرێمی کوردستانی وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان نیشانی جیهان دا".
ئاماژەی بەوەش کرد: "هەرێمی کوردستان بەردەوام وەک مەڵبەندی لێبوردەیی و ڕێزگرتن لە فرەیی ئایینی و کولتووری دەمێنێتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو سیاسەتە حەکیمانەیە کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیڕەوی دەکات بۆ ناساندنی ناسنامەی شارستانیی گەلی کوردستان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".
کرمانج گوانی