هه‌ولێر -KDP. info- وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی "بۆ جه‌ژنی قوربانی ئه‌مساڵ بۆ قوربانیكردن له‌لایه‌ن هاووڵاتییان ڕێنمایی تازه‌مان ده‌بێت، داواكارین هاووڵاتییان پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بن و له شوێنی نافه‌رمیی بۆ قوربانیكردن دوور بكه‌ونه‌وه."
د.سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "ئه‌مساڵ هیچ حاڵه‌تێكی تای خوێن به‌ربوون تۆمار نه‌كراوه، ئومێد ده‌كه‌ین هیچ حاڵه‌تێك نه‌بێت، بۆ ئه‌مساڵیش بۆ جه‌ژنی قوربان و ئه‌نجامدانی قوربانی کردن له‌لایه‌ن هاووڵاتییان ڕێنماییمان ده‌بێت و بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه، ڕێكاریش دراوه به سه‌رجه‌م ڤێته‌رنه‌رییه‌كان و هاووڵاتییانیش وه‌كو ئه‌ركێك پابه‌ندی ڕێنمایی و ڕێكاره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ببن."
د.سامان به‌رزنجی گوتیشی "خۆپاراستن له نه‌خۆشی تای خوێنبه‌ربوون ته‌نیا ئه‌ركی تیمی ته‌ندروستی و ڤێته‌رنه‌ری نیه، پێویسته هاووڵاتییان خۆیان بپارێزن له شوێنی نافه‌رمیی و ئاژه‌ڵی نه‌خۆش و گومان‌لێكراو، ئەگه‌ر هه‌ر به‌ركه‌وته‌یه‌كی هه‌بێت مه‌ترسیداره، چونكه شوێنی فه‌رمیی و سه‌ربڕخانه‌مان هه‌ن و دوا پشكنین دڵنیابوون له گۆشته‌كان، خه‌ڵك ده‌توانێت بێ ترس به‌كاری بێنێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشییه تا ئێستا هیچ حاڵه‌تێك له هه‌رێمی كوردستان تۆمار نه‌كراوه."
بڵند ئیبراهیم